دیاریکردنی وادەی چاوپێکەوتنی دامەزراندنی 250 کەس لە هەڵەبجە
پووختەی هەواڵەکە:
- پڕۆسەی خاڵبەندی بۆ دامەزراندنی 250 میلاک لە پارێزگای هەڵەبجە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
- لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا وادەی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرەکان دیاری دەکرێت.
- پتر لە 9000 کەس فۆرمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە و وردبینی بۆ زانیارییەکانیان کراوە.
- سیستمی خاڵبەندی لەسەر بنەمای ساڵی دەرچوون، نمرە، بڕوانامە و کاری خۆبەخشی داڕێژراوە.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە نیشانی دەدات لیژنەی دامەزراندنی هەڵەبجە وردبینی بۆ فۆرمی 9006 دەرچوو تەواو کردووە و ئێستا تەنیا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەنجوومەنی ڕاژەن بۆ دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکان. ئەم پڕۆسەیە کە دڵەڕاوکێی لای هەزاران گەنجی پارێزگاکە دروستکردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێ دەنێتە قۆناغی یەکلاکەرەوە و ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێت کە زۆرترین خاڵیان بەپێی پێوەرەکان کۆکردووەتەوە.
ئارام شێخ جەمال، سەرپەرشتیاری لیژنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:
- پڕۆسەی وردبینی و خاڵبەندی لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنیا وادەی چاوپێکەوتنەکان ماوە.
- پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا لیژنەکە سەردانی هەڵەبجە بکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغی چاوپێکەوتن.
- بۆ تەواوکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ 250 بەربژێرەکە، پێویستیان بە یەک هەفتە دەبێت.
- لە کۆی میلاکەکان، 22 کەسیان بۆ ڕاژەی سەربازی تەرخانکراون و بە هەمان پێوەری خاڵبەندی دادەمەزرێن.
پێوەرەکانی خاڵبەندی بۆ بڕوانامە و ساڵی دەرچوون:
بەگوێرەی ڕێنماییەکان، دامەزراندنەکە دەرچووانی ساڵی 2010 بەدواوە دەگرێتەوە و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون 1 خاڵ هەژمار دەکرێت. بڕوانامەی دکتۆرا 4 خاڵ، ماستەر 3 خاڵ، بەکالۆریۆس 2 خاڵ و دیپلۆم 1 خاڵی بۆ دانراوە. سەبارەت بە نمرەی دەرچوونیش، نمرەی (50 بۆ 60) 1 خاڵ و (90 بۆ 100) 5 خاڵی پێ دەدرێت. بۆ کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان 4 خاڵ و بۆ قۆناغی چاوپێکەوتنیش 4 خاڵی دیکە تەرخانکراوە.
گرنگیی ئەزموونی خۆبەخشی لە پڕۆسەکەدا:
سیستمی خاڵبەندی گرنگیی تایبەتی بە ئەزموونی خۆبەخشی داوە؛ بەجۆرێک بۆ ماوەی 6 مانگ تاوەکو 1 ساڵ 1 خاڵ و بۆ 4 تاوەکو 5 ساڵ 5 خاڵ هەژمار دەکرێت. ئەم پێوەرانە ئامانجیانە دادپەروەری لە نێوان پێشکەشکاراندا دروست بکەن تاوەکو پڕۆسەکە بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا بڕوات و گەیشتن بە واژۆی کۆتایی و دەستبەکاربوون بە شەفافی جێبەجێ بکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وردەکاریی دامەزراندنی 250 میلاک لە هەڵەبجە؛ لە بڕوانامەی دکتۆراوە تاوەکو شەشەمی بنەڕەتی
دامەزراندنی 250 کەسەکەی هەڵەبجە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە
لیژنەی دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە: وردبینی بۆ دامەزراندنی 9,006 کەس لە هەڵەبجە دەستیپێکرد
بۆ 250 هەلی دامەزراندن لە هەڵەبجە زیاد لە نۆ هەزار فۆڕم پڕکراوەتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا