
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕاوچییە ئێرانییەکانی نزیک گەرووی هوورمز لە باشووری وڵاتەکە گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بەهۆی پاشماوەی کەشتییە تێکشکاوەکان و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدان و چەندین هاوپیشەیان لە ڕووداوەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
محەممەد ئەمین و باغر عەباسزادە، وەک دوو ڕاوچیی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە ژیانی چەندین خێزان بەستراوەتەوە بەو بەلەمانەوە و هەر پەککەوتنێکی کارەکانیان بارودۆخیان خراپتر دەکات. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەریاکە بەهۆی جەنگەوە پیس بووە و لایەنە ناکۆکەکانیش نیازیان نییە ڕێککەوتن بکەن، ئەمەش وایکردووە تەنانەت لە کاتی هەبوونی ماسییەکی زۆریشدا، زۆربەی ڕاوچییەکان لە ترسی مووشەک و هێرشەکان نەوێرن بچنە ناو قوڵایی دەریاکە.
لە وڵاتی ئێراندا کەرتی ڕاوکردنی ماسی یەکێکە لە کەرتە گرنگەکان و زیاتر لە 230 هەزار کەس بژێوی ژیانیان لەسەر ڕاوکردنی زیندەوەرە دەریاییەکانە. ساڵانە لەو وڵاتەدا نزیکەی 1 ملیۆن و 500 هەزار تۆن زیندەوەری دەریایی ڕاودەکرێت، بەڵام ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە گەرووی هوورمز کاریگەرییەکی نەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئەو ڕاوچییانە دروستکردووە. لە ماوەی 40 ڕۆژی جەنگدا، بەردەوام هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و بەلەمەکان، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ڕاوچی و دروستکردنی دڵەڕاوکێی زۆر لەبارەی ئاییندەی کارەکەیان لە ناوچەکەدا.
ئێران: گەرووی هوورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی ئێمەیە
ڕژانی نەوت لە گەرووی هوورمز نیگەرانیی ژینگەی دروستکردووە
ئێران لەبریی پرسی ئەتۆم گەرووی هوورمزی کردووەتە پێشینەی سیاسەتەکانی