دادگایەکی سووریا سزای لە سێدارەدانی بۆ ئامۆزایەکی بەشار ئەسەد دەکرد
پووختەی هەواڵەکە:
- وەسیم ئەسەد بە تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە شەڕی ناوخۆدا تۆمەتبار کرا
- سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە بە تاوانی ئەشکەنجەدان و کوشتن و ژمارەیەک تاوانی دیکە
- پێشتریش بەشار ئەسەد و ماهیری برای و خاڵۆزایەکی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو
- نیگەرانی هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دادگاییکردنە بە پەلەکانی سووریا
بە گوێرەی زانیارییەکانی گەیشتووەتە کەناڵ8، ئەمڕۆ، دادگایەکی سووریا لە دیمەشق، سزای لە سێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلابراوی سووریادا دەرکرد.
وەسیم ئەسەد، تەمەن 46 ساڵ، بە تاوانی ئەشکەنجەدان، کوشتن و ژمارەیەک تاوانی دیکە سزا درا، کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا تاوەکو ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـدا کراون.
دادگا تاوانەکانی وەسیم ئەسەدی بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کردووە.
بڕیاری لە سێدارەدانەکەی ئامۆزاکەی ئەسەد، یەک هەفتە دوای ئەوە دێت، بەشار ئەسەد و ماهیری برا بچووکی، لەگەڵ عاتف نەجیبى خاڵۆزای ئەسەد، لەسەر تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.
سووریا لە مانگی نیساندا، ڕێکاری یاسایی دژی بەشار ئەسەد و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتەکەی گرتەبەر، کە تۆمەتبارن بە تاوانی دڕندانە، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا.
شەڕی ناوخۆیی سووریا
- بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس
- ئاوارەبوونی ملیۆنان سووری و بێسەروشوێن بوونی هەزارانی دیکە
ئەو شەڕەی بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، ملیۆنانی دیکەی ئاوارەکرد و بە دەیان هەزار کەسیشی بێسەروشوێن کرد.
هەرچەندە ئەگەری کەمە سزاکەی بەشار ئەسەد جێبەجێ بکرێت، بەو پێیەی لە ڕووسیا پەنابەریی پێبەخشراوە، بەڵام بڕیاری لە سێدارەدانەکەی لەناو گەلی سووریادا، پاڵپشتی فراوانی لێدەکرێت، بەتایبەتی ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی دەستی ڕژێمەکەی ئەسەد.
لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە دادگاییەکان بەپەلە و ڕەنگە نادادپەروەرانە بووبن، دەڵێن کەموکوڕییەکانی سیستمی دادوەریی سووریایان ئاشکراکردووە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا