
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە کەناڵ8 گەیشتووە، شانەی قەیرانەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت بە سەرپەرشتیی وەزیری نەوت کۆبووەوە، تێیدا جەخت لە زیادکردنی هەناردە لە بەندەرەکانی باشوور و هێڵی باکوور کرایەوە بۆ بەدەستهێنانی داهاتی دارایی زیاتر و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانیی عێراق.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە توندی داوای لە وەزیری نەوت کردووە کە چیتر بیانووی داخستنی گەرووی هوورمز بۆ ڕاگرتنی هەناردە بەکارنەهێنرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بازرگانیی ڕاستەقینە ئەوەیە ئەگەر دەرگایەک بەسەریاندا داخرا، پێویستە 10 پەنجەرەی دیکە بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەردەوامیی بازرگانی بدۆزنەوە.
کۆبوونەوەی شانەی قەیرانەکانی نەوت بە سەرپەرشتی باسم محەمەد خزەیر لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق دەیەوێت سەرجەم ڕێگەکانی هەناردەکردنی نەوت لە باکوور و باشوور چالاک بکات. ئەم هەوڵانە دوای ڕەخنەکانی سەرۆکوەزیران دێت کە داوای دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی کردبوو بۆ ئەوەی ئابووریی وڵات تەنیا بەستراوە بە یەک ڕێڕەوی ئاوییەوە نەبێت و بتوانرێت لە هەموو بارودۆخێکدا نەوتی خاو بگەیەنرێتە بازاڕەکانی جیهان و داهاتی دارایی بۆ دەوڵەت مسۆگەر بکرێت، هاوکات کار بۆ دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناوخۆش بکرێت.
هەناردەی نەوتی بەسرە بەرزبووەتەوە بۆ 1.4 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە
عێراق نەوتی بەسرە دەباتە کەرکووک بۆ زیادکردنی هەناردەی بۆری جەیهان