
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە کەناڵ8 گەیشتووە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەسرە لە مانگی تەمموزدا بۆ نزیکەی 1 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە 1.5 ملیۆن بەرمیل و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هێڵی نوێ چڕکراونەتەوە.
عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی کردووە بۆ بەستنەوەی کێڵگەکانی بەسرە بە کەرکووک و بەندەری جەیهان و کۆنترۆڵکردنی هێڵەکان بەرەو سووریا، هاوکات پرۆژەیەکی دیکە لە حەدیسەوە بۆ بەندەری بانیاس جێبەجێ دەکرێت؛ وەزارەتی نەوتیش ئامانجییەتی لە یەک ساڵدا گفتوگۆکان تەواو بکات بۆ دابینکردنی ڕێڕەوی جێگرەوە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئابووری، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەنجامی سەردانی شاندی عێراقە بۆ واشنتن کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی بە بەهای نزیکەی 60 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کردووە تاوەکو ئاستی بەرهەمهێنان زیاد ببن و ژێرخانی وزە بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بگۆڕدرێت.
هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەسرە لە مانگی تەمموزدا بۆ نزیکەی 1 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەراورد بە مانگی حوزەیران کە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل بووە، گەشەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی داتاکان، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی بەسرە لە مانگەکانی پێش قەیرانەکەدا 3.3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی تێپەڕاندبوو، هێشتا ئاستی تەمموز لە خوار ڕێژەی ئاسایی ماوەتەوە. تێکڕای هەناردەی عێراق گەیشتووەتە 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕە لە ڕێگەی گەرووی هوورمز و هێڵی جەیهانەوە ڕەوانە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی بەردەوامی مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر گەرووی هوورمز، حکومەت لە هەوڵدایە بۆ مسۆگەرکردنی ڕێڕەوی جێگرەوە و لە چوارچێوەی سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتن و واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بە بەهای 60 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن کراوە بۆ دروستکردنی هێڵی نوێ کە باشوور بە کەناراوەکانی سووریا و بەندەری جەیهان و بانیاسەوە دەبەستێتەوە و وەزارەتیش دەیەوێت لە ماوەی 1 ساڵدا گفتوگۆکان بۆ ئەم مەبەستە بپچڕێنێت.
گواستنەوەى نەوتى بەسرە بۆ کەرکووک - جەیهان 15 ملیار دۆلاری تێدەچێت
عێراق نەوتی بەسرە دەباتە کەرکووک بۆ زیادکردنی هەناردەی بۆری جەیهان