
بە گوێرەى ڕاپۆرتێکی دەستەى دەستپاکى عێراق، پاش پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پێداچوونەوە بە تۆماری خانەنشینان بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرپێچی گەورە لە چەند پارێزگایەکدا ئاشکرا بوون. دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە قەبارەی سەرپێچییەکان گەیشتووەتە ئاستی "کارەسات".
دامەزراوەی شەهیدان لە ساڵی 2022ـەوە داوای ڕاگرتنی مووچەی ئەو بەشە ناشایستەیەی کردووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی داواکارییەکەی پشتگوێخستووە.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بەڵگەی وردی لەسەر تێوەگلانی بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی لە کێشە و گەندەڵییەکاندا ناردووە، بەڵام هیچ کارێکی پێشوەختە لەسەر ئەو زانیارییانە نەکراوە.
دەستەی دەستپاکی هۆکاری سەرەکیی ئەم بەهەدەردانە گەورەیەی بۆ نەبوونی چاودێریی ورد و لاوازیی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەی شەهیدان و دەستەی گشتیی خانەنشینیدا گەڕاندووەتەوە.
ڕاپۆرتەکەى دەستەى دەستپاکى، دامەزراوەى شەهیدان تۆمەتبار دەکات بەوەى کە هەڵە و کەموکوڕى زۆر لە لیستى شەهیدان هەیە بەتایبەت لەو پارێزگایانەى دەستى تیرۆرى پێگەیشت و دەڵێت، لە لیستەکاندا کەسانى ناشایستە و ناوى وەهمى هەیە و کراون بە شەهیدى دەستى تیرۆر و مووچە وەردەگیرێن.