وەزیرانى دارایى و نەوتى عێراق سەردانى ڕیازیان کرد
پووختەی هەواڵەکە:
- عێراق و سعودیە ئاسایشی وزە و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان تاوتوێ دەکەن.
- تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی گرنگی پەیوەندار بە ئاسایشی وزە.
- تاوتوێی بەهێزکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری لەنێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا.
وەزیرانى دارایى و نەوتى عێراق، لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ وەزیرانی وزە و دارایی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو چەندین دۆسیەی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایشی وزە، سەقامگیری بازاڕەکانی نەوت و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانیان تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی
کۆبوونەوەکە لەنێوان فالح سارى، وەزیرى دارایى عێراق و باسم محەمەد خزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق لەگەڵ عەبدولعەزیز بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، وەزیرى وزە و پیشەسازى و سامانى کانزایى و محەممەد بن عەبدوڵا جەدعان، وەزیرى دارایى سعودیە بەڕێوەچووە.
دیارترین دۆسییەکانی کە تاوتوێکراون
- تاوتوێکردنی دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە
- پاڵپشتیکردنی ئاسایشی وزە و سەقامیگری دابینکردنی وزە
- تاوتویی ئەو بابەتانەی کە جێی بایەخی هەردوو وڵاتن
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى ئەو بابەتانە کرا کە جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتن. لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری لەنێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات.
پاڵپشتیکردنی لە سەقامگیری دابینکردنی وزە
هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو هەوڵانەی بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی وزە و سەقامگیری دابینکردنی وزە دەدرێن، خستووەتەڕوو.
ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لە کاتێکدا دێن کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری ئەمنى و ئابووریدا تێدەپەڕێت.
عێراق لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێڕەوی دیکەی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی
حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوەی گواستنەوەی نەوت، ئەوەش لە کاتێکدایە هەناردەى نەوت لە گەڕووى هوورمزەوە بە تەواوەتى کز بووە.
پێدەچێت یەکێک لە تەوەرە ستراتیجییەکانی ئەم دانوستانانە، زیندووکردنەوە یان سوودوەرگرتنە لە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی خاکی سعودیە بەرەو دەریای سوور بێت، کە ئەمەش نەوتی عێراق لە مەترسییەکانی کەنداو دەپارێزێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
شاندى عێراق بۆ سعودیە: ڕێگەنادەین سەروەریی عێراق پێشێلبکرێت
شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق لەگەڵ وەزیرى بەرگریی سعودیە کۆبووەوە
عێراق و سعودیە هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا