ئەکسیۆس: 16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووى هوورمزەوە هەناردەکرا
پووختەی هەواڵەکە
- شەوی ڕابردوو جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هوورمز زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و 40 کەشتی نزیکەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستەوە.
- کەشتییەکان لەژێر چاودێریی وردی هێزەکانی ئەمریکا و لە ڕێڕەوی باشووری گەرووەکە نزیک کەناراوەکانی وڵاتی عومان هاتوچۆیان کردووە.
- ئێران ڕێگەی بە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق داوە، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەغداد لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق دێت.
ئاژانسی ئەکسیۆس لە زاری 3 بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، شەوی هەینی لەسەر شەممە جووڵەیەکی گەورەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هوورمز تۆمارکراوە کە تێیدا 40 کەشتی نزیکەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە.
جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هوورمز
- کەشتییەکان لە ڕێڕەوی باشووری گەرووەکە و لە نزیک کەناراوەکانی وڵاتی عومانەوە هاتوچۆیان کردووە.
- هێزەکانی ئەمریکا بە وردی چاودێریی پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی کەنداویان بۆ بازاڕەکانی جیهان کردووە.
- ئێران لەو ڕێڕەوەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدایە، ئاسانکاریی بۆ تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە کردووە کە نەوتی عێراقیان هەڵگرتووە.
هەماهەنگیی دیپلۆماسی بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق
تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق لەو ڕێڕەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە، دوای داوایەکی فەرمیی بەرپرسانی عێراق دێت. ئەم هەنگاوە لە کاتی سەردانە 3 ڕۆژییەکەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغداد هەماهەنگیی لەسەر کراوە بۆ ئەوەی ڕێگریی لە هەناردەی نەوتی عێراق نەکرێت و پڕۆسەی گواستنەوەکە بەردەوام بێت.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
گەرووی هوورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکان و پێش دروستبوونی ئاڵۆزییەکان ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە دەکرا، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکاربردنی جیهانی. هەرچەندە جووڵەی 40 کەشتی لە یەک شەودا بازدانێکی گەورەیە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن تەنیا ئاماری یەک شەو نابێتە پێوەر بۆ ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی جموجۆڵە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ئێران ڕێگەی بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق لە گەرووی هوورمز دا
ئێران: تاوەکو گەمارۆکان هەڵنەگیرێن گەرووی هوورمز ناکرێتەوە
دۆناڵد ترەمپ: ئەمریکا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر گەرووی هوورمز هەیە
ئێران لەبریی پرسی ئەتۆم گەرووی هوورمزی کردووەتە پێشینەی سیاسەتەکانی
2 کاتژمێر پێش ئێستا