بەغداد جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەسپێنێت
پووختەی هەواڵەکە:
- وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا لە 1ـی تشرینی یەکەمەوە باجی پێشوەختە لەسەر حەواڵەی پارە جێبەجێ بکرێت.
- بەغداد داوای تەواوکردنی پێداویستییە هونەرییەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان.
- ئامانجی ئەم هەنگاوە یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و ڕێگریکردنە لە قاچاغ و دەستکاریکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان.
- سیستمەکە چاودێری و شەفافییەت لە کۆکردنەوەی داهاتەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی نیشتمانی بەهێز دەکات.
زانیارییەک کە بە کەناڵ8 گەیشتووە ئاماژە بەوە دەکات وەزارەتی دارایی عێراق فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە تاوەکو سیستمی گومرگی دەروازەکان بە ئەلیکترۆنی بکات، ئەمەش لەپێناو کۆنترۆڵکردنی داهاتە نانەوتییەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستکارییەکی بەڵگەنامەکان لە کاتی هاوردەکردندا.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرەپێدانی کاری گومرگدا ئەم ڕێکارانەی دیاری کرد:
- فەرمانی جێبەجێکردنی وەرگرتنی باجی پێشوەختە لەکاتی حەواڵەی پارە لە بەرواری 1ـی تشرینی یەکەمەوە دەرکرا.
- داوای خێراکردنی ڕێکارە هونەرییەکان کرا بۆ جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
- جەخت لە بەهێزکردنی شەفافییەت و ڕێگریکردن لە قاچاغ و ساختەکاری لە بەڵگەنامە گومرگییەکان کرایەوە.
- وەزارەت دەیەوێت لە ڕێگەی سیستمە ئەلیکترۆنییەکانەوە گرەنتی وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەکانی دەوڵەت بکات.
سیستمی ئەسیکۆدا و هەرێمی کوردستان:
جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ یەکخستنی ڕێکارەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی دادەنرێت. وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە سەرجەم پێداویستییە کارگێڕییەکان لە دەروازەکانی هەرێم تەواو بکرێن، تاوەکو ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لەنێوان بەغداد و هەولێر بە شێوەیەکی خێرا و ورد ئەنجام بدرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کۆکردنەوەی داهاتە گومرگییەکان.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا ڕێککەوتوون داهاتەکان بەڕێژەی50 % دابەش بکەن
کەناڵ8 ڕاسپاردەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا