
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە بەگوێرەی دەستوورە و 50 بە 50، داهاتی ئەو دەروازە و بازگە گومرگییانەی دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە، لە نێوان هەردوو حکومەتدا دابەشدەکەن، بەڵام باسی ئەوەی نەکردووە ڕاستەوخۆ داهاتەکان دەچێتە عێراق دواتر دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان یاخود هەرێمی کوردستان 50ـ%ـی داهاتەکان دەدات بە عێراق.
ئەم ڕێککەوتنەی هەولێر و بەغداد لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا لە کاتێکدایە، لە چەند مانگی پێشوودا، ڕێککەوتن لەسەر زۆرینەی خاڵەکانی پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کرا، خاڵی ناکۆک بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە لە بازگە و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتەکان بوو، ئێستاش چەند خاڵێکی دیکە ماوە، لەوانەش: چۆنیەتی وەرگرتنی باج بەوپێیەی هەرێمی کوردستان داوا دەکات باجی گومرگی لای خۆی بێت و بەغدادیش دەیەوێت داهاتەکان بچنەوە بۆ ناوەند و دواتر پشکی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە. هەروەها بە فەرمیکردنی شەش دەروازەی نافەرمی هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا.
سیستمی ئەسیکۆدا هەوڵێکە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوی ڕێکارە گومرگییەکان و بەستنەوەیان بە بانکی ناوەندییەوە، جێبەجێکردنی ئەم سیستمە شەفافیەت لە داهاتەکاندا دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕێکخستنەوەی بازرگانی.
https://channel8.com/kurdish/news/225242