
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکی گۆڵدن گڵۆباڵی تورکی و سێ دامەزراوەی سەربە بانکەکەدا سەپاند بەهۆی ئەوەی پارەی نەوتیان لە چینەوە بۆ ئێران گواستووەتەوە و ڕێگەیانداوە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، دەستی بە سەرمایەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بگات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری ئێران، وەزارەتەکە "هێڵە داراییە سەرەکییەکانی ڕژێمی ئێرانی لە تورکیا پچڕاندووە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکان ناسراو بە (OFAC) ، بانکی گۆڵدن گلۆباڵ و دامەزراوەکانی سەربە بانکەکەی سزادا، کە بنکەکەیان لە تورکیایە و دەڵێت: "بانکەکە ئاسانکاریی بۆ مامەڵەی دارایی بە بڕی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران کردووە وە ڕێگەی بە ئێران داوە سەرمایەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بگوازێتەوە".
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەوبارەیەوە ڕایگەیانددووە: "لە کاتێکدا هیوادارین هیچ بانکێکی تر پێویستی بە سەپاندنی سزا نەبێت، بەڵام ئەوە لە کۆتاییدا بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی ئاگادار دەبێتەوە و دەست لە پشتیوانیکردنی ڕژێمی بکوژی ئێران هەڵدەگرێت".
لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم ڕێوشوێنە کەرتە دیاریکراوەکانی ئابووری ئێران دەکاتە ئامانج، لەوانەش کەرتی دارایی ئێران.
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە لە 24ـی ئابی 2026دا ڕاگەیێندرا، ئەو هێڵە ئابوورییانەی ماون دەپچڕێنێت کە درێژە بە تەمەنی ڕژێمی ئێران دەدەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکەیان نەخشەی ئەو تۆڕانە، کۆمپانیا و کەسانی ئاسانکار و کەناڵە داراییانەی کێشاوە کە ئێران بەکاریان دەهێنێت بۆ قاچاخچێتی نەوت، خۆدزینەوە لە سزاکان، و دابینکردنی سەرمایە بۆ تیرۆر.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت، دواتر بانکی گۆڵدن گلۆباڵ کە بنکەکەی لە تورکیایە، بە مەبەستی ڕێگەدان بەئێران بۆ گواستنەوەی داهاتەکانی نەوت لە چینەوە بۆ تورکیا دامەزرێنرا، و لەڕێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە کە سەربە ڕژێمی ئێرانن سەرمایەکەی دەکردە پارەی کاش و زێڕ.
سێ دامەزراوەی سەربە بانکی گۆڵدن گلۆباڵ کە ناوەندی سەرەکییان لە ئیستانبوڵە بەگوێرەی بریارەکە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەروەها تەواوی موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانەی خاوەنداریی لە کۆمپانیاکە و بانکەکە دەکەن لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن.
جگە لەوەش، هەر دامەزراوەیەک کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەشێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ، 50% یان زیاتری خاوەندارێتی لەلایەن یەکێک یان زیاتر لە کەسە بلۆککراوەکانەوە بکرێت، ئەوانیش بلۆک دەکرێن.
یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی بەشداری لە هەڵمەتە ئابوورییەکەی ئەمریکا دژ بە ئێران دەکات
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: ڕێوشوێنی ئابووریی بێ وێنە بەرامبەر ئێران دەگرینەبەر

