
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی کۆکردنەوەی چەکیان لە دەستی دەوڵەت کرد.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دادوەر فایەق زێدان لەگەڵ ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەتەوە و تاوتوێی ڕێکارەکانی دادگا بۆ پاڵپشتی لە کارنامەی حکومەت کراوە.
باس لەوەش کراوە، گفتۆگۆ لەبارەی ئەو پلانەی کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕێگەی لیژنەیەکەوە لەبارەی ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان ئامادەی کردووە و بڕیارە لەکاتی تەواوبوونیدا ڕابگەیێنرێت، کراوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، دادوەر زێدان و ستیڤن ڤاگن گوتوویانە، پرسی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، دەبێتە مایەی پابەندبوونی عێراق بە پەیوەندییە ئەرێنییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕژدبوونی لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا.
ماوەی هەفتەیەکە ستیڤن ڤاگن، وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە جێگەی جۆشوا هاریس دەستبەکاربووەتەوە.
ستیڤن ڤاگن خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە ناوچەکەدا؛ پێشتر وەک کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە یەمەن کاری کردووە، هەروەها لە ڕابردوودا پۆستی جێگری سەرۆکی نێردەی ئەمریکا لە بەغداد و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێری هەبووە.
چوارچێوەى هەماهەنگى پلانێکى نوێى بۆ کۆکردنەوەى چەکى گرووپەکان هەیە
عەلى زەیدى و ستیڤن ڤاگن کاربەڕێکەرى نێردەى ئەمریکا کۆبوونەوە
وەزیرى دەرەوەى عێراق و کاربەڕێکەرى نوێى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆبوونەوە