
سەرەتاى هەفتەى داهاتوو عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەکات، پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، گۆڕینى لێکتێگەیشتنەکان بەرەو ئاڕاستەى جێبەجێکردن و ڕاکێشانى وەبەرهێنان و پسپۆڕى جۆریی لە کەرتە گرنگەکان، ئەجێنداى سەرەکى سەردانەکەن.
حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، عەلى زەیدى سەرەتاى هەفتەى داهاتوو، بە سەرۆکایەتیی شاندێکى باڵا و بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى عێراق و ئەورووپا، سەردانى فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەکات.
گوتیشى "گەشتە ئەورووپییەکەى زەیدى، گفتوگۆ و دانوستان لەبارەى پەرەپێدانى هەماهەنگیی دووقۆڵى لە بوارەکانى ئابوورى، وەبەرهێنان، بازرگانى، وزە، پیشەسازى، تەکنەلۆجیا، ڕۆشنبیریی و فێرکردن، لەخۆدەگرێت".
هەروەها دۆسییە ئەمنى و سیاسییەکان و دۆسییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان، بەشێکى دیکە دەبن لە سەردانەکە و سەرۆکوەزیران رژدە لەسەر بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى بەغداد لەگەڵ پاریس و بەرلین و گەیاندنى بە ئاستە پێشکەوتووەکان لە هاوبەشیی ئابوورى و پەرەپێدان.
گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕاشیگەیاند، سەرۆکوەزیران دەیەوێت ئاسۆیەکى نوێ بۆ کۆمپانیا فەڕەنسى و ئەڵمانیاییەکان بکاتەوە تاوەکو بەشداربن لە پڕۆژەکان و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان، ئەوەش بەرجەستەى دیدگاى حکومەتى عێراق و بەرنامەکەى دەکات.
ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لەسەردانەکە گۆڕینى لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانە بۆ ئاڕاستەى جێبەجێکارى و هاوبەشیى کردارى کە بەرژەوەندییە دوولایەنەکان بەدیبهێنێت. جگەلەوەش سەردانەکە پاڵپشتییە بۆ ئاڕاستەى حکومەتى عێراق بەرەو ڕاکێشانى وەبەرهێنان و پسپۆڕى جۆرى لە کەرتە گرنگ و لە پێشینەکان، بەغداد خوازیارە هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان فراوانبکات و پەیوەندییەکى دەرەکى هاوسەنگ لەسەر بنەماى بەرژوەندییەکان بونیادبنێت.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە دواى دەستبەکاربوونى لە 14ـى ئایارى ڕابردوو، سەردانى وڵاتانى ئەمریکا و ئێران و تورکیاى کردووە، سەردانەکەشى بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەبێتە دووەم گەشتیی دیپلۆماسى بۆ دەرەوە.
عەلی زەیدی یەکەم گەشتی فەرمی بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەنجامدەدات
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بوو بۆ ئێران
دوو "جووى عێراق"ـى سکاڵایەک لەسەر حکومەتى فەڕەنسا تۆماردەکەن و داواى زیاتر لە 20 ملیۆن یۆرۆ دەکەن