پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بوو بۆ ئێران

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی و شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی پزیشکیان لە شاری تاران. فۆتۆ: AFP
کۆبوونەوەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی و شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی پزیشکیان لە شاری تاران. فۆتۆ: AFP

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کرایەوە و هەردوولا چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی گواستنەوە، ئابووری و کارگێڕیدا واژۆ کرد بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان.

گەشتە دیپلۆماسییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە تاران. زەیدی دوای پێشوازیکردنی لە فڕۆکەخانەی تاران، سەردانی کۆشکی سەعدئابادی لە تاران کرد و لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە پێشوازیکرا.

کۆبوونەوەی دووقۆڵی و فراوانی شاندەکانی هەردوو وڵات

دوای پشکنینی پاسەوانی شەرەف، زەیدی و پزیشکیان کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان کرد. بە سەرۆکایەتیی زەیدی و پزیشکیان، شاندی هەردوو حکومەت کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا، چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێکران، لەوانە؛ دانانی میکانیزمێک بۆ کاری لیژنەی هاوبەشی ئابووریی عێراق-ئێران.

جەختکردنەوە لەسەر قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران

عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی باسی لەوە کرد، سەردانەکەی بۆ ئێران گوزارشتە لە قووڵیی پەیوەندییەکان و نوێکردنەوەیەتی، پردێکی دۆستانەیە لە نێوان هەردوو گەل.

تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان

عەلی زەیدی لەبارەی تەوەری گفتوگۆکانیان گوتیشی، سەردانەکەی لەپێناو تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە هەردوو وڵات و ناوچەکەیە.

عێراق ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی ئێران دەکات

زەیدی لەبارەی دۆخی ئەمنیی سنوورەکان دووپاتیشیکردەوە، ئاسایشیان هاوبەشە و ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێران کە سەرچاوەکەی لە خاکی عێراقەوە بێت، نادەن.

هاوکارییەکانی ئێران لە جەنگی دژ بە داعش

عەلی زەیدی لەبارەی مێژووی هاوکارییەکانی تاران هەڵوێستی شکۆمەندانەی ئێرانی لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە جەنگی دژ بە داعش بەبیرهێنایەوە و داوای وەبەرهێنانی هاوبەشی لە بوارە جیاوازەکاندا لەگەڵ تاران کرد.

پێشوازیکردنی سەرۆککۆماری ئێران لە هەڵوێستە دیپلۆماسییەکانی عێراق

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبەرامبەردا سوپاسی هەڵوێستی عێراقی کرد لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی.

گرنگیی سەقامگیریی ئەمنی بۆ گەشەپێدانی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات

سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی گرنگیی ئاسایش دووپاتیشیکردەوە، سەقامگیریی ئەمنی زۆر گرنگە و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دۆخی گەشەپێدانی دوولایەنە، هەروەها ئاماژەی بە بوونی دەرفەتی وەبەرهێنانی گرنگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.

واژۆکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن

دواتریش، عەلی زەیدی و مەسعود پزیشکیان سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ژمارەیەک ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان کرد، لەوانە؛

ڕێککەوتنی کارگۆ و گواستنەوەی نێودەوڵەتیی زەمینی بۆ کاڵا.

یاداشتی لێکتێگەیشتنی ڕاکێشانی هێڵی شەمەندەفەر لە کرماشان بۆ خوسرەوی-خانەقین-بەغداد.

یاداشتی لێکتێگەیشتنی دەستەخوشکیی ئەمیندارێتی بەغداد و شارەوانیی تاران.

یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری کارگێڕیی حکومی و مەشقی سەرچاوە مرۆییەکان.

بەردەوامیی گەشتە هەرێمییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق

بڕیارە زەیدی، ڕۆژی 28ـی ئەم مانگەش سەردانی تورکیا بکات و دواتریش دەچێتە سعودیە و سووریا.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا