
پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان، دەردەکەوێت ئێران دەستیکردووە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.
ئەو پەیمانگەیە کە بارەگاکەی لە واشنتن دەڵێت، ئێران بە خێرایی کار لە دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوەی تاڵقان2ـی ئەتۆمی دەکات، کە دەکەوێتە ناو کۆمەڵگەی بارتیشنی سەربازی، کە 30 کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورە.
ئەو دامەزراوە ئەتۆمییە، لە هێرشەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، دووبارە جارێکی دیکە لە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومانکرایەوە.
ئیسرائیل باسلەوە دەکات، ئێران ئەو دامەزراوەیە بۆ پەرەپێدانی تەقەمەنی پێشکەوتوو و تاقیکردنەوەی هەستیار لە چوارچێوەی پڕۆژەی عیماد بەکاردەهێنێت.
پڕۆژەی عیماد، پڕۆگرامێکی نهێنیی ئێرانە، پێشبینی دەکرێت بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت کە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکاتەوە تاوەکو 2003 بەردەوام بوو.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا، تاران تاقیکردنەوەی پەیوەندیداری بە تەقاندنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە پێگەی تاڵقان2 دوو دەیە لەمەوبەر ئەنجامداوە.
پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیا فانتۆر تەکنەلۆجیز دەریانخستووە، لە 13ـی ئەم مانگەوە ئێران ناوچەی سەرووی دامەزراوە بۆردوومانکراوەکەی داپۆشیووە، چالاکییەکانی بونیادنانەوەی دامەزراوەکە دوور لە چاوی مانگە دەستکردەکان بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە تەواوی ناوچەکانی دامەزراوەکە چالاکییەکی چڕ بەدی دەکرێت، بارهەڵگر و میکسەری کۆنکرێت بە بەردەوامی هاتوچۆی دەکەن.
ئەو پەیمانگەیە باسلەوە دەکات، ئێران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ئەو دەرچانەی چاککردووەتەوە، کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە دروستببوون و بە چینێکی کۆنکرێت دایپۆشیووە.
بەگوێرەى وێنەکان، دەردەکەوێت ئێران گۆڕەپانی دەورووبەری دامەزراوەکەی بە کۆنکرێت داپۆشیووە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی زیاتر دامەزراوەکە لەکاتی ڕوودانی تەقینەوەی بەهێز و دووبارە هێرشکردنەسەری.
ڕووسیا: بەردەوام دەبین لە دروستکردنی یەکە نوێیەکانی وێستگەی ئەتۆمی لە ئێران





