فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى لە ڕاگرتنى گەشتەکان بۆ ئێران ئاگادار نەکراونەتەوە

جەبار حسین 55 خولەک پێش ئێستا
فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى لە ڕاگرتنى گەشتەکان بۆ ئێران ئاگادار نەکراونەتەوە
فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى لە ڕاگرتنى گەشتەکان بۆ ئێران ئاگادار نەکراونەتەوە

پووختەی هەواڵەکە

  • فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بڕیاری فەرمییان بۆ ڕاگرتنی گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان بەدەستنەگەیشتووە.
  • ئەمریکا سزای نوێی بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا سەپاندووە و کارکردنیانی لە سەرانسەری جیهان ئاڵۆز کردووە.
  • هەر دامەزراوەیەک سووتەمەنی یان خزمەتگوزاری پێشکەشی فڕۆکە ئێرانییەکان بکات لە سیستمی دۆلار دەردەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە فەرمی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان ئاگادارنەکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی گەشتە ئاسمانییەکاندا نەکراوە.


زانیارییە گرنگەکانی گەشتە ئاسمانییەکان و سزاکان

  • ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند تاوەکو هەفتەی داهاتوو هیچ گەشتێکیان بۆ ئێران نییە.
  • بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر جەختی کردەوە هەر بڕیارێک لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقەوە دەربچێت جێبەجێی دەکەن.
  • سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی گەشتیان بۆ ئێران هەیە و دواخستنی بۆ نەکراوە.
  • بەگوێرەی خشتەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، هەفتانە تەنیا 1 گەشت لەنێوان سلێمانی و تاران ئەنجام دەدرێت.
  • ڕۆژی 21ـی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران ڕادەوەستن.
  • پێشتر کەناڵ8 زانیاریی دەستکەوت کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیاریداوە پابەندی بڕیارەکەی ئەمریکا بێت.

وردەکاریی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیا ئێرانییەکان

بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەمریکا، ئەگەر فڕۆکەکانی ئێران بنیشنەوە، هیچ کەس و کۆمپانیایەک ناتوانێت سووتەمەنییان بۆ دابین بکات، خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان پێشکەش بکات یان بلیتیان پێبفرۆشێت، هەروەها هەر دامەزراوەیەک هاوکارییان بکات لە سیستمی دۆلار دەردەکرێت.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

سەپاندنی ئەم سزایانە بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە 24ـی ئابی ئەمساڵەوە پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، کە بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە مێژوودا سزای لەو شێوەیە بەسەر هیچ وڵاتێکدا نەسەپێنراوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی گەشتە دەرەکییەکانی ئێران دەبێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؛ گەشتەکانی نێوان عێراق و ئێران دەوەستێنرێن

زانیاریی کەناڵ8: فڕۆکەخانەکانی عێراق لە ڕاگرتنی گەشتی هێلەکانی ئێران ئاگادارکراونەتەوە

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن

جەبار حسین

55 خولەک پێش ئێستا