
سەردانەکەی شی جینپینگ بۆ ئەمریکا گۆڕانکاریی لە پڕۆتۆکۆڵی نەریتیی کۆشکی سپی دروستکردووە کاتێک دۆناڵد ترەمپ ڕاستەوخۆ چووەتە سەر فەرشی سووری فڕۆکەخانەی سەربازی بۆ پێشوازیکردن لێی. سەرۆکی چین بەشداری لە کۆبوونەوەکانی خولی 81ـی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ناکات و تەواوی مانەوەی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە واشنتن بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ئابووری و سەربازییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا تەرخانکردووە.
بەرنامەی کاری سەردانەکە لە واشنتن بە مەراسیمی سەربازی لە باخچەی ڕۆز دەستپێدەکات و دواتر بە کۆبوونەوەی فەرمیی نێوان ترەمپ و شی جینپینگ بەردەوام دەبێت. لە ئێوارەخوانێکی فەرمیدا لە کۆشکی سپی، گەورە پیاوانی تەکنەلۆجیای ئەمریکا وەک ئیلۆن مەسک، جێف بێزۆس، سام ئاڵتمان و تیم کوک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی چین وەک شیاومی، بی وای دی و کاتڵ بەشدار دەبن. لە ڕۆژی هەینیشدا دوای کۆبوونەوەیەکی خێزانی و سەردانی ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمریکا، سەرۆکی چین کۆتایی بە سەردانەکەی دەهێنێت.
چوونی دۆناڵد ترەمپ بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکەخانەی سەربازیی "جۆینت بەیس ئەندرێوس" لە ماریلاند، لە مێژووی سەرۆکایەتیی ئەودا بۆ یەکەمین جارە ڕوودەدات، چونکە بەپێی دابونەریتی دیپلۆماسی، سەرۆکەکانی ئەمریکا تەنیا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە میوانە فەرمییەکان دەکەن.
ئەم پرۆتۆکۆڵە پێشتر چەند جارێکی دیاریکراو لە مێژووی ئەمریکادا شکێنراوە؛ ساڵی 1959 کاتێک دوایت ئایزنهاوەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی جەنگی سارد لە فڕۆکەخانە پێشوازی لە نیکیتا خرۆشۆڤ کرد، هەروەها ساڵی 2008 جۆرج دەبلیو بۆش پێشوازی لە پاپا بێندیکتی شانزەیەم کرد، دواتریش لە ساڵی 2015 باراک ئۆباما بە هەمان شێواز پێشوازی لە پاپا فرانسیس و شی جینپینگ کردبوو.
سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکی چینی بۆ وڵاتەکەی بانگهێشت کرد
ترەمپ: چین گەورەترین پرۆسەى دزەکردنە نێو داتاکانى هەڵبژاردنى ئەنجامداوە



.jpg)

.jpg)