
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دەستپێکردووە بە مەبەستی بەدەرکردنی وڵاتەکەی لە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران. ئەم جووڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گەشتەکانی بەڕووی تاراندا داخست، و ئێستا بەغداد هەوڵ دەدات لانیکەم بۆ دۆسیە مرۆیی و ئایینییەکان ڕێڕەوی ئاسمانی بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم هەوڵانەی بەغداد دوای ئەو ڕێکارانە دێت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە گرتوویەتییەبەر، کە بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. نووسینگەی زەیدی لە ڕاگەیێنراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەغداد بەردەوام کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات، و داوا لە تەواوی لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکات پەنا بۆ گفتوگۆ و دانوستان ببەن تاوەکو ڕێگری لە پەرەسەندنی ململانێکان بکرێت.
پەیوەندییە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران یەکێکە لە پڕجووڵەترین هێڵەکانی گواستنەوە، کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری ئایینی لە ئێرانەوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا دەکەن، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی عێراق بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی و بازرگانی و خوێندن گەشت بۆ شارەکانی ئێران دەکەن.
داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکەکانی ئێراندا لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە حکومەتی عێراق لەگەڵ واشنتن بکەوێتە گفتوگۆ تاوەکو ڕێڕەوێکی جیاواز بۆ گەشتە مەدەنی و مرۆییەکان بدۆزێتەوە و زیانی زیاتر بەر کەرتی خزمەتگوزاریی وڵاتەکە نەکەوێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە یان بۆ هەموان دەبێت با هیچ لایەک نابێت