ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران عەلى زەیدى خستووەتە ژێر فشارەوە
پووختەی هەواڵەکە
- دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گەشتەکانی بۆ ئێران ڕاگرت و ئەوەش کاردانەوەی توندی هێزە شیعییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
- عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوتووەتە ژێر فشارەوە و هەوڵدەدات لەڕێگەی گفتوگۆوە هەندێک فڕۆکەخانە لە ڕێکارەکان بەدەربکات.
- سەرکردە و بەپرسە شیعییەکان ڕەخنەی توند لە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانە دەگرن و داوای هەڵوێست و مانگرتن دەکەن.
لە دوای بڕیارەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران وەک پابەندبوونێک بە ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کاردانەوەی بەرفراوان لەناو هێزە سیاسییەکان و سەرکردە شیعییەکان دروستبووە و سەرۆکوەزیرانیش کەوتووەتە ژێر فشارەوە.
ململانێی واشنتن و تاران لە ئاسمانی عێراقدا
- موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بە ناچاری بڕیارەکەی داوە و نەچووەتە بەرەی ئەمریکاوە.
- عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران ڕەخنەی توندی لە عەلی زەیدی و چوارچێوەی هەماهەنگی گرت و گوتی شەرعییەتی زەیدی لە خوێنی شەهیدانەوەیە نه ک واشنتن.
- ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاند عێراق کراوەتە گوندێک و ئەمریکا کۆنتڕۆڵی دەکات، هەڕەشەی مانگرتنیشی لە فڕۆکەخانەکان کرد.
- ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا داوای لە حکومەت و پەرلەمان کرد پابەندبوون بە گەمارۆکان ڕەتبکەنەوە.
- عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی کردەوە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان پێچەوانەی دەستوورە و سزاکانی ئەمریکا هیچ پابەندییەکی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق نییە.
- قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق بە توندی گەمارۆدانی ئاسمانیی ئێرانی ڕەتکردەوە و هانی حکومەت و گەلی دا هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بۆ پاراستنی سەروەری هەبێت.
هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی گەشتەکان
نووسینگەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی ئاشکرایکردووە، لە هەوڵدا بەدوای ڕێگەچارەیەکی مامناوەندا دەگەڕێن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، تاوەکو هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە ڕێکارەکان بەدەربکرێن؛ بەتایبەت بۆ ئەو گەشتانەی پەیوەندییان بە دۆخی مرۆیی، چارەسەر، خوێندن و سەردانە ئایینییەکانەوە هەیە.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 8ی ئەم مانگەدا سزای بەسەر 36 کەرتی تایبەت بە فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند، کە 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانی لەخۆدەگرێت. هاوکات ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەشدا کردووە کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا دەکەن، ئەوەش عێراقی خستووەتە نێوان بەرداشی ململانێکانی واشنتن و تاران و بڕیارەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی بەسەردا سەپێنراوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
فەیحان: ڕاگرتنی گەشتەکانی ئێران زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت
ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران: گەشتی ئاسمانی لە ناوچەکە یان بۆ هەموان دەبێت با هیچ لایەک نابێت
فڕۆکەوانیی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت
2 کاتژمێر پێش ئێستا