بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە فڕۆکەوانیی ئێران 80٪ی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی لەدەستداوە

یەسنا ئومێد 59 خولەک پێش ئێستا
فڕۆکەیەکی هێڵی فڕۆکەوانیی ئێرانی
فڕۆکەیەکی هێڵی فڕۆکەوانیی ئێرانی

پووختەی هەواڵەکە

  • سزاکانی ئەمریکا و فشارە دیپلۆماسییەکان بوونەتە هۆی ڕاگرتنی بەشێکی زۆری گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران.
  • بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لەنێوان 80٪ بۆ 90٪ی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران هەڵوەشێنراونەتەوە.
  • زیاتر لە 65٪ی فڕۆکە نەفەربەرەکانی ئێران بەهۆی کەمیی پارچەی یەدەگ و سزاکانەوە لە کارکردن وەستاون.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران ڕایگەیاندووە بەشێکی زۆری هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانیان ڕاگرتووە، بەڵام گەشتەکان بۆ تورکیا، چین، مالیزیا، ڤیێتنام، ئەفغانستان و پاکستان هێشتا بەردەوامن.


ڕاگرتنی گەشتەکان و دروستبوونی گۆشەگیری

  • وڵاتانی وەک ئیمارات، عێراق و جۆرجیا بەتەواوی گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
  • چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە و ئەوروپا ڕێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانەکانیان نادەن.
  • هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان هێڵی ئاسمانیی ئێرانی تا ئاستێکی مەترسیدار لە جیهان دابڕیوە.

کاریگەریی سزاکان و زیانە ئابوورییەکان

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ستراتیژییە نوێیەکەیان بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی دارایی و لۆجیستیی تاران خێراتر لە چاوەڕوانییەکان کاریگەری هەبووە و فشارەکان بێنوێنەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان 80٪ بۆ 90٪ی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ئێران پەکیان کەوتووە، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی گشتیی ئێران دروستکردووە، بەوپێیەی کەرتی فڕۆکەوانی نزیکەی 9٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت کە بەهاکەی نزیکەی 300 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

لە کۆی 333 فڕۆکەی نەفەربەری تۆمارکراو لە ئێراندا، بەهۆی کەمیی پارچەی یەدەگ و سزاکانی سەر کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکە، زیاتر لە 65٪ی فڕۆکەکان لە کارکردن وەستاون و لە ئێستادا کەمتر لە 100 فڕۆکە لە تەواوی ئەو وڵاتەدا توانای فڕینیان ماوە، کە ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی بۆ گواستنەوەی ناوخۆیی و دەرەکی دروستکردووە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لەنێوان سزاکان و ڕێگا جێگرەوەکان؛ ئابووریی ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە

ئەمریکا بۆ دابڕینی ئابووریی ئێران تیم دەنێرێتە سەرانسەری جیهان

فڕۆکەوانیی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە 23ـی ئەیلوولەوە هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە سەرانسەری جیهاندا دادەخرێن

یەسنا ئومێد

59 خولەک پێش ئێستا