
پاشەکشەی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ و نرخی 100 دۆلار 24 ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا دڵەڕاوکێی ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا خواست لەسەر کڕینی دراوی بیانی و زێڕی لە ناوخۆی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.
دابەزینی بەهای تمەن پەیوەستە بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە گەڕانەوە بۆ هێرشی سەربازی دژ بە تاران بە ئەگەرێکی کراوە هێشتووەتەوە، هاوکات سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و دۆخی نادیاری نێوان جەنگ و ئاشتی بازاڕەکانی دراوی لە ناوچەکەدا شڵەژاندووە؛ لە کاردانەوەی ئەم پاشەکشەیەدا، هاووڵاتییانی ئێران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لە هەڵئاوسان بە لێشاو ڕوویان لە کڕینی زێڕ، دۆلار و یۆرۆ کردووە کە ئەوەش گوشاری زیاتری لەسەر بەهای تمەن دروستکردووە.
لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا نرخی 100 دۆلار بە حەواڵە 21 ملیۆن و 900 هەزار تمەن و بە کاش 20 ملیۆن و 200 هەزار تمەن بوو، بەمەش دراوی ئێرانی تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 2 ملیۆن تمەن لە بەهاکەی بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک لەدەستداوە؛ لە ڕووی مێژووییشەوە، لە ساڵی 1958 بڕی 500 هەزار تمەن سەرمایەیەکی گەورە بووە لە هاوکێشەی دارایی وڵاتدا، بەڵام ئەمڕۆ تەواوی ئەو بڕە کەمترە لە 350 دیناری عێراقی لە بازاڕەکاندا.


