
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند چۆڵکردنی دواین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هاوکێشەی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکەی خستووەتە بەردەم قۆناغێکی نوێ، لە کاتێکدا لایەنە نزیکەکانی ئێران کشانەوەکە بە کۆتاییهاتنی باڵادەستیی واشنتن ناودەبەن، بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان ترسیان لە سەرهەڵدانەوەی داعش و قووڵبوونەوەی ململانێی ناوخۆیی هەیە.
لە بەرامبەردا، سەرکردە سوننەکان و بەرپرسانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن لەوەی سوپای عێراق هێشتا بە تەواوی ئامادە نییە بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی دۆسیەی ئەمنی؛ لەو چوارچێوەیەدا عەبدولڕەحمان زوبەعی سەرکردەی هۆزەکانی فەلووجە ترسی خۆی لە کەلێنی ئەمنی دەربڕی، هاوکات سیروان بارزانی، فەرماندەی پێشمەرگە ڕایگەیاند کە نەمانی هەواڵگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا دەرفەت دەداتە چەکدارانی داعش ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە، بە جۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا جموجوڵی شانە نووستووەکانی ئەو گرووپە لە ناوچەکانی کەرکووک و دەوروبەری زیادی کردووە.
بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2003 بە ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو دەستیپێکرد و لە ماوەی دوو دەیەدا نزیکەی 4 هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی کوژران؛ پاش کشانەوەی یەکەم لە ساڵی 2011، واشنتن لە ساڵی 2014 هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕی دژ بە داعش پێکهێنا و گەڕایەوە ناوچەکە، تا لە ساڵی 2024 لەسەردەمی جۆ بایدن ڕێککەوتنی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ واژۆ کرا و لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە فەرمی جێبەجێ دەکرێت.
نزار حەیدەر: دوای کشانەوەی هاوپەیمانان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بەردەوام دەبن
سەباح نوعمان: لەگەڵ پێشمەرگە نەخشەڕێگەى دواى هاوپەیمانانمان داناوە