
ئەمڕۆ بە فەرمی دوایین وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵ زنجیرەیەک ڕێوڕەسم بۆ داخستنی بنکە سەربازییەکان و ڕادەستکردنی تەواوەتیی دۆسیەی ئەمنی بە سوپا لە ژێر ناوی "ڕۆژی سەروەری" بەڕێوەدەبات.
پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان، بڕیارە "کۆنفرانسی سەروەری" بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاکان لە بەغداد ساز بکرێت؛ کۆنفرانسەکە تەرخان دەکرێت بۆ ڕاگەیاندنی وەرگرتنی تەواوەتیی دۆسیەی ئەمنی لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق لە لایەن هێزە سەربازی و ئەمنییە ناوخۆییەکانەوە، لە کاتێکدا بە بۆنەی جێبەجێکردنی ئەم وادەیەوە چوار ڕۆژ پشووی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا بەردەوامیی هەیە.
داخستنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ دێت بەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژ بە داعش؛ بنکەی ڤیکتۆریا کە دەکەوێتە سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، وەک ناوەندی سەرەکیی ئۆپراسیۆنەکان و هەماهەنگیی فڕۆکەوانی کاری دەکرد و لە ئێستادا سەرجەم بەشەکانی ڕادەستی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق کراوەتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
نزار حەیدەر: دوای کشانەوەی هاوپەیمانان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بەردەوام دەبن