شاندێکى دژە تیرۆرى عێراق سەردانی ماڵی شەهیدەکانی پردێی کرد
پووختەی هەواڵەکە
- شاندێکى دژە تیرۆرى عێراق کەسوکارى شەهیدەکانى پردێى بەسەرکردەوە.
- مازن غەریب: یەکشەممە ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەى پردێ ڕادەگەیێنرێت.
- کەسوکارى شەهیدەکان: ئەوانەى کەمتەرخەمبوون سزابدرێن.
شاندێکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق بە سەرۆکایەتیی یوسف هاشم بریکارى سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق بۆ کاروبارى کارگێڕى و هونەرى، لە بەغدادەوە سەردانى کەرکووکى کرد و بە یاوەرى پەرلەمانتاران مازن غەریب و هەڵۆ جەبارى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، سەردانى کەسوکارى ئەو گەنجە کوردەیان کرد کە لە ڕووداوەکەى ڕۆژى 28ـى ئەیلوولى شارەدێى پردێیان کرد.
سەردانی شاندێکی بەغداد بۆ کەرکووک
- سەرەتا شاندەکە سەردانى شارەدێى پردێیان کرد و ماڵى شەهید زانا مورادیان بەسەرکردەوە.
- شاندەکە سەردانى ماڵى شەهید محەممەد هێمنیان کرد و هاوخەمى خۆیان بۆ کەسوکارى شەهیدەکان پیشاندا.
- مازن غەریب ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق: ئەو لیژنەیەى لەسەر ڕووداوەکەى پردێ پێکهێنراوە کارەکانى تەواوکردووە.
- مازن غەریب: گوتە لە ژمارەیەک ئەندامى ئەو هێزەى دژە تیرۆر وەرگیراوە.
- مازن غەریب: ڕۆژى یەکشەممە ئەنجامى کۆتایی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت.
ئەوەى ڕوویداوە بە ئەنقەست نەبووە
یوسف هاشم، بریکارى سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق، لەگوتەیەکدا ڕایگەیاند، ئەوەى ڕوویداوە بە ئەنقەست نەبووە، کەسێک ویستوویەتى لە پردێ خۆى بتەقێنێتەوە و ئەوان ڕێگرییان لە ڕووداوێکى گەورە کردووە.
کەسوکارى شەهیدەکانیش، داوایانکرد ئەوانەى کەمتەرخەمبوون سزابدرێن و زیانەکانیان قەرەبووبکرێتەوە.
باسیان لەوەشکرد، سکاڵاى یاساییان تۆمارکردووە و ئەوەى هەڵەى کردووە دەبێت داواى لێبووردن بکات.
ڕۆژی یەکشەممە، لە شارەدێى پردێ ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی سوپای عێراق ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو مێردمنداڵی کورد لە ڕووداوەکەدا کوژران.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ڕێبوار تەها: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی پردێ پێکهێنرا
یەکێتی داوا لە زەیدی دەکات لێکۆڵینەوەی جددی لە ڕووداوەکەی پردێ بکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا