شەڕی بابولمەندەب؛ حکومەتی یەمەن دەڵێت پێشڕەویی کردووە و حووسییەکانیش ڕەتیدەکەنەوە
پووختەی هەواڵەکە
- هێزەکانی حکومەتی یەمەن: کۆنترۆڵی قەزای زوبابمان لە پارێزگای تەعز کردووە
- حووسییەکان ڕەتی دەکەنەوە هێزەکانی حکومەتی یەمەن پێشڕەوییان لە زوباب کردبێت
شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانى حکومەتى یەمەن و حووسییەکان بەردەوامە، هێزەکانی حکومەتی یەمەن ڕایانگەیاند، کۆنترۆڵی قەزای زوباب و چەندین خاڵی ستراتیژییان لە دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب، لە ڕۆژئاوای شاری تەعز کردووە، لەکاتێکدا حووسییەکان ڕەتیدەکەنەوە.
ململانێ لەسەر شاڕێگەی جیهان (بابولمەندەب)
ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری دوو سەرچاوەی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هێزەکانی حکومەتی یەمەن، هێرشێکیان بە ئاڕاستەی ئەو خاڵانە کردووە کە لە قەزای زوباب لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو کە شوێنەکە دەڕوانێت بەسەر گەرووی بابولمەندەبدا.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی سەبا کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، ئەو ڕاپۆرتانەی میدیای سعودیە سەبارەت بە پێشڕەویی هێزەکانی حکومەت بەرەو ناوچەی زوباب بڵاویانکردووەتەوە، "بەتەواوی ناڕاستن و هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی شکست و دۆڕانە دووبارەکراوەکانیان".
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی ڕابردوو حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن، ئۆپراسیۆنێکى بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی حووسییەکاندان دەستپێکرد.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە 70 کەس لە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و حووسییەکاندا لە پارێزگای تەعز، لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن کوژراون.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
نەتەوەیەکگرتووەکان: زیاتر لە دوو هەزار کەس لە یەمەنەوە چوونەتە جیبۆتی
1 کاتژمێر پێش ئێستا