نوێترین سیناریۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئیسرائیل

ئیسرائیل خۆی بۆ یەکەم هەڵبژاردنی پاش جەنگی غەززە ئامادە دەکات
ئیسرائیل خۆی بۆ یەکەم هەڵبژاردنی پاش جەنگی غەززە ئامادە دەکات

پووختەی هەواڵەکە

  • سیناریۆی باڵادەستیی ئایزنکۆت سەرۆکی پارتی یاشار کە خاوەنی پشتگیریی ٦٧ پەرلەمانتارە بۆ پێکهێنانی حکومەت .

  • هاوپەیمانیی یەکگرتووی عەرەبی بە 19 کورسییەوە دەیەوێت نەتانیاهوو دووربخاتەوە و پشتگیری لە ئایزنکۆت دەکات.

  • ئایزنکۆت مەرجی هەیە کە گرنگترینیان ناساندنی حەماسە وەک گرووپێکی تیرۆریستی.

  • ڕەنگە نەتانیاهوو پەنا بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی حکومەتی جەنگ ببات .


دوای ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبووەوە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ئەو لایەنە ئاشکرا دەکات کە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێردرێت، گرنگە لەمکاتەدا بزانین نوێترین سیناریۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت چین؟


پێش ئەوەی سەرجەم سیناریۆکان بخەینەڕوو، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین:

  • ئێستا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی چەقبەستنێکی سیاسیی ڕوون دەبێتەوە.

  • هەرچەندە نەتانیاهوو لە هەڵبژاردنەکەدا 53 کورسیی بەدەستهێناوە، بەڵام لە بەردەم سەرۆکی ئیسرائیلدا تەنیا 46 پەرلەمانتار ئامادەیی خۆیان بۆ بەربژێکردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت نیشانداوە.

  • لەکاتێکدا ڕکابەرەکەی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار، 67 پەرلەمانتار ئامادەن بەربژێری بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.

هاوپەیمانیی یەکگرتووی عەرەبی بە 19 کورسیی پەرلەمانییەوە:

  • عەرەبەکان بەڕوونی پشتیوانیی خۆیان بۆ ئایزنکۆت ڕاگەیاند.

  • ئەگەر گادی ئایزنکۆت پشتیوانیی لایەنە عەرەبییەکان قبوڵ بکات، ئەوە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

  • عەرەبەکانی ئیسرائیل کە رژدن لەسەر دوورخستنەوەی نەتانیاهوو لە حکومەت، هەڵبژاردنی ئایزنکۆت بە هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتردا ناوبرد.

  • لە بەرامبەر پشتیوانیی عەرەبەکاندا، ئایزنکۆت مەرجی هەیە، کە گرنگترینیان ناساندنی حەماسە بە گرووپێکی تیرۆریستی کە پێویستە لەناوببریت یان هەڵوەشێتەوە.

  • ئەگەر ئەم مەرجە بەدیبێت، نەتانیاهوو لە حکومەت دوور دەخرێتەوە و بۆیەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، حکومەتی ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانییە عەرەبییەکان پێکدەهێنرێت.

ئەگەر ئایزنکۆت بتوانێت بەبێ پشتیوانیی لایەنە عەرەبییەکان حکومەت پێک بهێنێت، ئەوکاتە بە ئاسانی پشت لەوان دەکات، لەم میانەشدا پارتە جووەکانی حرێدم هەن، کە بە هەردوو پارتەکەوە خاوەنی 13 کورسین، ئەگەر هەردوولایان بچنە بەرەی ئایزنکۆتەوە، ئەوکاتە بەبێ پشتیوانی لایەنە عەرەبییەکان حکومەت درووست بکات. ئەم دوو سیناریۆیەش لە بەهیزترین ئەو سیناریۆیانەن کە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەیان لە بەردەم ئایزنکۆتدا بەهێز کردووە، ئەمە جگە لەوەی، چاوەڕوان دەکرێت چەند پەرلەمانتارێکی پارتەکەی نەتانیاهووش، پارتی لیکودیش بچنە پاڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یان بەرەی گۆڕانکاری کە ئایزنکۆت پاڵێوراوەکەیانە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت.

ئەی دەبێت سیناریۆکانی بەردەم نەتانیاهوو چی بن؟

بە لەبەرچاوگرتنی یاساکانی ئێستا و واقیعی سیاسی ئێستای ئیسرائیل، پێگەی نەتانیاهوو و ئاسۆکانی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات بە چەند ڕێگە و شێوازێک دەبێت.

  • یەکێک لەو ڕێگانەش پێکهێنانی "حکومەتی جەنگ" یان فریاگوزارییە، ئەمە یەکێکە لەو سیناریۆیانەی کە لەبەرچاو دەگیرێت.

  • چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە نەتانیاهوو پەنا بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی یان دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی بەرفراوان لەگەڵ ئێران ببات.

  • بۆ ئەم ڕێگەیەش، هەوڵ دەدات دۆخێکی ئەمنی نائاسای بسەپێنێت بۆ ناچارکردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بە پارتی یاشاری ئایزنکۆتیشەوە، تاوەکو جیاوازییە سیاسییەکان وەلا بنێن و لە پێناو "بەرژەوەندیی ئەمنیی باڵا"دا حکومەتێکی فریاگوزاری نیشتمانی لە بە سەرکردایەتیی خۆی ڕابگەیەنێت.

  • بەڵام ئەمەش لە سەر کاردانەوەی ئۆپۆزسیۆن وەستاوە، کە ئایا واقعێکی لەمجۆرە قبوڵ دەکەن.

سیناریۆیەکەی دیکەش بۆ نەتانیاهوو هەوڵدانە بۆ سوود وەرگرتن لە کەلێنی ئۆپۆزسیۆن، لە ڕێگەی ڕاکێشانی چەند پەرلەمانتارێکی ناو ئەو بەرەیە، یان هاوپەیمانییە بچووکەکان، بە ئامانجی پشتگیریکردنی هاوپەیمانیەکەی و گەیانندی بە 61 کورسی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک دەرنەکەوتووە بۆ ئەم سیناریۆیە.

بێگومان سیناریۆی حکومەتی یەکگرتوویی نیشتمانیی خولاوەش بژاردەیەکی بەهێزی دیکەیە، کە لەگەڵ ئایزنکۆت پێک بێن بۆ ئەوەی هەریەکەیان دوو ساڵ سەرۆکوەزیران بن، ئەمەش وەک هاوکێشەکانی دیکە، دەکەوێتە بەردەم ئەگەر و نەگەری ڕەزامەندیی بەرەی ئۆپۆزسیۆن.

کۆتا سیناریۆش ڕۆشتنە بەرەوە هەڵبژاردنێکی نوێ، ئەگەر هیچ لایەنێک نەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی 61 کورسی بەدەست بهێنن و ئایزنکۆت پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عەرەبەکان ڕەت بکاتەوە، ئەوکاتە نەتانیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە تاوەکو لە سەرەتای ساڵی نوێدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە.

پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئیسرائیل، لە کۆی 120 کورسی،61 کورسیی پەرلەمانی پێویستە، بەرەی نەتانیاهوو خاوەنی 53 کورسی و ئۆپۆزسیۆنیش بە سەرۆکایەتیی ئایزنکۆت خاوەنی 48 کورسین، ئەگەر هیچکام لەم بەرانە نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، سەرەتای ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنێکی نوێی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.

Loading related news...