
ڕێکخراوی ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا، کاردەکەن بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکی دادپەروەرانە بۆ جەنگەکە.
ترەمپ پێشبینی ڕێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ ڕووسیادا دەکات.
جارید کوشنەر: لە گفتوگۆکانی ئەبوزەبی ڕاوێژ بە هاوبەشە ئەورووپییەکانمان دەکەین.
ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ ڕایگەیاند ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی برۆکسل لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، بە بەشداری ناتۆ، ئەمریکا، ئۆکرانیا و بەرپرسانی ئەورووپا، هەوڵی داوە کۆتاییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ جەنگی ئۆکرانیا بهێنێتە ئاراوە.
ڕۆژی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی "ڕێککەوتنێکی زۆر گەورە"ی لەگەڵ ڕووسیادا کرد، کە نەوەکو تەنیا جەنگی ئۆکرانیا بەڵکو تەواوی ئەورووپاش دەگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە جارید کوشنەر، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا کە بە ئۆنڵاین بەشداریی لە گفتوگۆکانی برۆکسلدا کرد ئاشکرایکرد، ئەمریکا کار لەسەر داڕشتنی بناغەیەکی ئەمنیی ئەورووپیی فراوانتر دەکات.
کۆشنەر : ئەمریکا دەیەوێت گفتوگۆکان بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی مەرجەکانی ئاشتییەکی هەمیشەیی.
کۆشنەر: واشنتن بەدوای پێنج ئامانجی سەرەکیدا دەگەڕێت کە پێکهاتوون : ڕاوێژی ئەمنی هەمیشەیی، پەیوەندیی باوەڕپێکراو لە کاتی قەیرانەکاندا، شەفافیەتی زیاتری سەربازی، ڕێوشوێنی دوولایەنە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توندوتیژی و چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ئەورووپا.
کۆشنەر گوتیشی، واشنتن لە پەراوێزی گفتوگۆکانی ئەبوزەبی، بە وردی ڕاوێژ لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانی دەکات و ئامانجیان ئەوەیە ئەگەر پێشکەوتن بەدەست بێت، بە بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەورووپا، بەرەو لێکتێگەیشتنی بەرفراوانترهەنگاو بنێن.
بڕیارە لە ڕۆژانی 10 و 11ـی تشرینی دووەم لە ئەبوزەبی، گفتوگۆی سێقۆڵی بە بەشداری ڕووسیا، ئۆکرانیا و بە نێوەندگیری ئەمریکا بەڕێوەبچێت و تێیدا لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە پێنجەم ساڵی نزیک دەبێتەوە.

