هاوسەری وەزیرى جەنگ لەژێر چاودێریدایە؛ کۆمپانیاکانی چەک و پارە وەرگرتن

پووختەى ڕاپۆرت

  • بەردەوام مشتومڕ لەسەر ڕۆڵى جێنیفر هێگسێت لە بڕیارەکانى پنتاگۆن هەیە.

  • پێش دەستبەکاربوونى هاوسەرەکەى لە پنتاگۆن کارى کردووە.

  • دەستى لە دیاریکردنى ستافى پنتاگۆن هەبووە.


ڕاپۆرتێکی نوێ ئاشکرای دەکات کە هاوسەری پیت هێگسێتی وەزیری جەنگى ئەمریکا پارەی لە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری وەرگرتووە کە نوێنەرایەتی یەکێک لە گەورەترین بەڵێندەرانی چەک لە پنتاگۆن دەکات.


ڕاپۆرتێکی پێگەى پۆلیتیکۆ:

  • جێنیفر هێگسێت، هاوسەری وەزیرەکە و ڕاوێژکاری نافەرمی هاوسەرەکەی لە پنتاگۆن، دانیبەوەدا ناوە لەبەرامبەر ڕاوێژپێدان پارەى لە کۆمپانیای واچ تاوەر ستراتیجی وەرگرتووە.

  • کۆمپانیاکە ڕێکخراوێکی بەهێزی پەیوەندییە گشتییەکان و کاروباری گشتییە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەیە.

  • بریکارەکانى بریتین لە کۆمپانیای لۆکهید مارتن کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانى پیشەسازى بەرگریى و گرێبەست لەگەڵ پێنتاگۆن هەیە.

پرسیارەکان سەبارەت بە ململانێی بەرژەوەندییەکان

  • ڕاپۆرتەکانی پێشوو ئاشکرایان کردبوو، جێنیفر کە پێشتر وەک بەرهەمهێنەر لە فۆکس نیوز کاری کردووە، بەشداری لە کارەکانی ڕۆژانەی وەزارەتی جەنگى ئەمریکادا کردووە، سەرەڕای ئەوەی پۆستێکی فەرمی لەناو دامەزراوەکەدا نەبووە.

  • بەگوێرەى تۆمارە گشتییەکان، حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە 66 ملیار دۆلاری داوە بە کۆمپانیای لۆکهید مارتن لە هەمان ساڵی داراییدا کە جێنیفر پارەی "واچ تاوەر ستراتیجى" وەرگرتووە.

  • ئەم پەیوەندییە داراییە، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پرسیار لەبارەی سروشتی ڕۆڵی هاوسەری وەزیری جەنگ و ڕادەی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەستیار یان گفتوگۆکانی پەیوەست بە گرێبەستە سەربازییەکان دەوروژێنێت.

پنتاگۆن ڕەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت

لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەدا، شۆن پارنێل، گوتەبێژی پنتاگۆن دووپاتی کردەوە کە وەزارەتەکە ڕێکار دەگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی بەرپرسە باڵاکانی لەو بابەتانەدا بەشدار نین کە ئەگەری هەیە بەرژەوەندییان تێدا بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: هیگسێت و هاوسەرەکەی بە تەواوی پابەندن بە هەموو یاسا و ڕێساکانی ئەخلاقی پیشەیی و تاکە سەرنجیان لەسەر خزمەتکردنی سەربازەکان و سەرۆک ترەمپ و گەلی ئەمریکایە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "هەر ئاماژە و پڕوپاگەندەیەک بە پێچەوانەى ئەوە بێت تەنیا هەڵبەستراو و بوختانێکی گاڵتەجاڕانەیە".

واچ تاوەر ستراتیجی، وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکە نەداوەتەوە، بەڵام گوتەبێژێک بە پۆلیتیکۆی گوتووە "نابێت جێگەی سەرسوڕمان بێت کە کۆمپانیایەکی کاروباری گشتی بیەوێت لەگەڵ یەکێک لە دیارترین بەرهەمهێنەرانی پێشووی فۆکس نیوز کاربکات".

پەیوەندیی خێزانى لەگەڵ لۆکهید مارتن

  • جێنیفر کچی بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای لۆکهید مارتنە کە لە ساڵی 2009 کۆچی دوایی کردووە.

  • لە کۆتایی ساڵی 2024دا جێنیفر لەناو وەزارەتی بەرگری دەرکەوت، بە سوودوەرگرتن لە پێگەی خۆی وەک هاوسەری پاڵێوراو بۆ سەرکردایەتیکردنی پنتاگۆن.

ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە جێنیفر پێش دانیشتنی پشتڕاستکردنەوەی هاوسەرەکەی وەک وەزیری جەنگ بەشداری لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا کردووە لەگەڵ سیناتۆرەکانی کۆمارییەکان. هەروەها بەشداری لە دیمانەکاندا کردووە لەگەڵ بەربژێرەکان بۆ پۆستەکانی ژێر دەسەڵاتی هیگسێت لەناو وەزارەتەکەدا.

Loading related news...