
سلێمانی، لە بوارە جیاوازەکانی کولتوور و ڕۆشنبیرییدا، بەدیاریکراوییش هونەرەکان، پێشەنگە و ناوێکی دیاری هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیە، هەوێنی دامەزراندنی یەکەم گرووپ و تیپە هونەرییەکانە، لەوانە یەکەم تیپی موزیکیی کوردستان و پێشکەشکردن و نواندن.
تیپی مۆسیقای مەولەویی کۆن
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، "تیپی مۆسیقای مەولەویی کۆن"، یەکەم تیپی موزیکیی کوردییە، کە ساڵی 1955، لە شاری سلێمانی و بە سەرپەرشتیی قادر دیلان دامەزراوە، بە یەکەم تیپی موزیکیی کوردییش دەناسرێت، کە ئەندام و دامەزراوەی فەرمیی هەبووبێت.

لە ئاستی عێراقدا، تیپی مۆسیقای مەولەویی کۆن، دووەم کۆنترین تیپی موزیکیی وڵاتەکەیە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، کار و چالاکییە موزیکییەکانی پێشکەش کردووە و تاوەکو ساڵی 1963، چالاکییان ئەنجامداوە.
ئەندامەکانی تیپی مۆسیقای مەولەویی کۆن
لە دیارترین ئەو هونەرمەند و ئەندامانەی بەشداربوون لە دامەزراندنی تیپەکە، بریتین لە:
قادر دیلان
ولیەم یوحەننا
بەهجەت رەشید سەعاتچی
نەجاتی عەبدە
لە دیارترین ئەو گۆرانیبێژانەش کە لەسەر سەکۆی ئەم تیپە موزیکییەوە گۆرانییان پێشکەش کردووە، بریتین لە:
ڕەشۆڵ
حەمەساڵح دیلان
شەماڵ سائیب
سێوە
رەفیق چالاک

پاشهاتی تیپی مۆسیقای مەولەویی کۆن
پاش ئەوەی قادر دیلان کە وەک داینەمۆی ئەم گرووپە بۆ خوێندن ڕووی لە وڵاتی چیک کردووە، ئیدی چالاکییەکان بە کۆتای هاتوون.
پاش ئەوانیش تیپی مۆسیقای سلێمانی دامەزراوە و تا ڕادەیەکی زۆر بووەتە جێگرەو یەکێک لە باشترین تیپە موزیکییەکان و تاوەکو ئێستاش لە چالاکییەکانی بەردەوامە، دوا بەدوای ئەمانیش دەیان تیپ و گرووپی جیاوازی دیکە بە هەردوو شێوازی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی برەو بە موزیکی کوردی دەدەن.

مێژووی شانۆی شاری سلێمانی
شانۆگەریی و پێشکەشکردنی شانۆیی لە شاری سلێمانی، هاوتایە لەگەڵ دەرکەوتن و نەشونمای ئەم هونەرە لە ئاستی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، یەکەم و سەرەتاییترین جۆری شانۆیی و نواندن لە شاری سلێمانی، دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی مێجەرسۆن، کە لە سەیرانی قەسابەکاندا ساڵی 1912، ژمارەیەک نمایش و لاساییکردنەوەی هونەرییان پێشکەش کردووە، پاشان شانۆ، لە خوێندنگەکاندا دەستپێدەکات.

یەکەم شانۆ و دەقی شانۆیی شاری سلێمانی
یەکەمین شانۆگەریی، لە ساڵانی 1925 بۆ 1926 لەلایەن خوێندکارانی "قوتابخانەی زانستی"ـەوە، بە ناونیشانی "عیلم و جەهل"، پێشکەش کراوە، کە وەرگیراو بووە لە دەقێکی عەرەبی، بەناونیشانی "لولا المحامی".
ساڵی 1933، شانۆگەرییەکی کوردی، بەناوی "دڵداری و پەیمان پەروەری"، لە نووسینی مامۆستا "ا. ب. هەوری"، یەکەم دەقی شانۆگەریی کوردییە، لە چاپخانەی مەعاریفی بەغداد وەکو کتێب چاپکراوە، پاشان ساڵی 1955، لەلایەن خوێندکارانی شارەکەوە پێشکەشکراوە.
