وەزیرى بەرگریى عێراق: ئامادەین دۆسیەى ئەمنى بەتەواوەتى لە ئەمریکا وەربگرینەوە

وەزیری بەرگریی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز، لەکاتى سەردانیکردنى سەربازگەى تاجى. فۆتۆ: ئەکاونتى سابیت عەباسى لەتۆڕى ئێکس
وەزیری بەرگریی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز، لەکاتى سەردانیکردنى سەربازگەى تاجى. فۆتۆ: ئەکاونتى سابیت عەباسى لەتۆڕى ئێکس

وەزیرى بەرگریی عێراق رایگەیاند، لەپاش کشانەوەی ئەمریکا هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ئامادەباشی تەواودان، بۆ وەرگرتنی دۆسییەی ئەمنی بەتەواوەتی.

سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی باڵای سەربازيی عێراق - ئەمریکا، لەچەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەستپێدەکەن، پاشئەوەی رێنماییان لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ دەردەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکاندا خشتەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەسەر بنەمای پەیوەندیی و هاوکاریی هاوبەش لەنێوان عێراق و ئەمریکا دیاریدەکرێت، پەیوەست دەبێت بەبوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازییەوە، بەشێوەیەک گونجاوبێت لەگەڵ تێڕوانینی حکومەتی عێراق.

وەزیری بەرگری عێراق دووپاتیکردەوە، هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، لە ئامادەباشی تەواودان، بۆ وەرگرتنی دۆسییەی ئەمنی بە تەواوەتی، بەتایبەت پاش ئەو شارەزاییەی لەچەند ساڵی رابردوودا بەدەستیانهێناوە لە چۆنێتی بەرپەرچدانەوەی مەترسییە ئەمنییەکان.

ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری عێراق لە کاتێکدایە، دوێنی پێنجشەممە 25ـى کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکا سەرکەوتوو بووە، سەبارەت بەداڕشتنی خشتەیەکی دیاریکراو، بۆ مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

هاوکات سابرینا سینگ، گوتەبێژی وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، وانشتن هیچ داواکارییەکی لە عێراقەوە پێنەگەیشتووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی، رەتیکردەوە دانوستاندنى لیژنە هاوبەشەکە بۆ کشانەوە بێت.