
تیپی مۆسیقای سلێمانی، تیپێکی ئۆرکێسترای ڕۆژهەڵاتییە لە شاری سلێمانی، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1967 و بە دەستپێشخەریی ژمارەیەکی دیار لە لاوە موزیکژەنەکانی شارەکە دامەزراوە.
دەوڵەمەندە بە ئامێرە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکان
تیپی مۆسیقای سلێمانی، خاوەنی پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندە لە ئامێرە موزیکییە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکان، بەشێوەیەکی گشتی، 30 بۆ 40 ژەنیاری ئامێرە موزیکییەکان تیایدا کار دەکەن و چالاکییەکانی ئەم تیپە پێشکەشدەکەن.
کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بیرۆکەی دامەزراندنی گەڵاڵە بووە
ساڵی 1967، بۆ یەکەمجار، لەسەر دەستی ژمارەیەک لاوی هونەرمەندی شاری سلێمانی، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم تیپە پێشنیاز کراوە و بەشێوەیەکی نافەرمی، چالاکییە هونەرییەکانیان ئەنجامداوە، لەوانە:
سازکردنی ئاهەنگ
بەشداریکردن لە یاد و بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان
ئەنجامدانی کاری خێرخوازی

لەگەڵ شانۆکاراندا یەکیان گرتووە
ڕێکەوتی دووی نیسانی 1969، ئەم تیپە موزیکییە، لەگەڵ شانۆکاراندا یەکیان گرتووە و تیپی "نواندن و مۆسیقای سلێمانی"یان بەشێوەیەکی فەرمیی دامەزراندووە، بەڵام ماوەی کارکردنیان زۆری نەخایەندووە و پاش یەک ساڵ، جیابوونەتەوە و ئاڕاستەیەکی سەربەخۆیان گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی کارە هونەرییەکانیان.
ئەندامانی سەرەکیی تیپی مۆسیقای سلێمانی، پێش دامەزراندنی تیپەکەیان، بەشێوەی جیاجیا، لە ژمارەیەک گرووپی موزیکیی دیکە کاریان کردووە، لەوانە: هیوا، خۆشی و بەختیاری، کە لە ڕادیۆی بەغداد، بەرهەمیان تۆمارکردووە.

کەی مۆڵەتی پێ دراوە؟
وەزارەتی ڕاگەیاندنی عێراق، ڕێکەوتی 23ی ئایاری 1973، بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی بەم تیپە موزیکییە داوە و ئەم ڕێکەوتەش بووەتە هەوێنی ئاماژەدان و یادکردنەوەی ڕۆژی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی و هەریەک لە هونەرمەندان: ئەنوەر عومەر محەممەد قەرەداغی، فەرەیدوون سەعید جەعفەر دارتاش، فەرید عیسا نەزەر سەرافیان، یوحەنا خنا نیشو و محەممەد ئەمین حسێن، مۆڵەتەکەیان بۆ وەرگرتووە.
چەندین گۆرانیبێژ هاوکاریان بوون
چەندین گۆرانیبێژی دیاری کورد، لەم تیپەدا گۆرانییان پێشکەشکردووە، لەوانە: کەریم کابان، ئیبراهیم خەیات، قادر کابان، حەسەن گەرمیانی، عوسمان عەلی و دەیان گۆرانیبێژی دیکە، هاوکات توانیویانە بەشداربن لە تۆمارکردنی چەندین گۆرانی بەناوبانگی کوردی، لەوانە:
ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد
قەت نەدەی ئازاری گیانی
گیانەکەم بۆ وات لێکردم
دە مەگری مەگری
زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوامە
زیاتر لە نیو سەدەیە، تیپی مۆسیقای سلێمانی، ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر گەشەپێدانی هونەری موزیک و فۆلکلۆری کوردی، هاوتای دانانی ئاواز و شێوازی نوێ بۆ ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکان، کارکردن لەسەر شێوازی کۆڕاڵ و بەکارهێنانی ئامێرە میللیی و ڕۆژئاواییەکان.

توانای نوێی پێگەیاندووە
ئەم تیپە، سوودی لە مێتۆدی موزیکی جیهانیی و ڕۆژهەڵاتیی وەرگرتووە، هاوکات، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە دەرخستن و پێگەیاندنی توانا و شێوازی نوێ.
زیاتر لە 500 هونەرمەند بەشدارییان تیادا کردووە
لە سەرەتای دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 500 موزیسیان و گۆرانیبێژ، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و سەرتاسەری کوردستاندا، بەشدارییان لە کار و چالاکییەکانیدا کردووە، زۆرێک لە گۆرانیبێژە کوردەکان، ڕۆڵیان لە بەڕێوەچوونی چالاکییەکان گێڕاوە، لە میدیاکانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆندا، سەدان بەرهەمی موزیک، گۆرانی و تۆماریان پێشکەش بە هونەری کوردیی کردووە.

دیارترین خەسڵەتەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بریتین لە:
فێرگەیەکە بۆ هونەر و داهێنانی موزیکی
پێگەیەکە بۆ بەرز ڕاگرتنی هەڵوێستی نەتەوایەتی
قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەکردن و فێربوونی هونەری کوردی
گەنجینە و ئەرشیفێکی فراوانە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی هونەری کوردی
ئامانجیان چییە؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سایتی فەرمیی تیپەکەدا ئاماژەی پێدراوە، تیپی مۆسیقای سلێمانی خاوەنی چەندین ئامانجی سەرەکییە بۆ موزیکی کوردی، لەوانە:
بەشداریکردن لە هاندان و پەرەپێدانی هونەری موزیک و فۆلکلۆری کەلەپووریی میللیی و هەڵپەڕکێی کوردی
هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی نوێگەریی و بەهاوچەرخکردنی هونەری موزیک و گۆرانی کوردی
بەتینکردنی ئامانج و ئاواتە بەرزەکان و پتەوکردنی لە دەروونی کەسایەتی ناو کۆمەڵگای کوردی
