ئالان حەمە سەعید: هەر مامۆستایەک زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە پێنج ملیۆن دینار پاداشت دەکرێت

 ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حكومەتی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8
ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حكومەتی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8

وەزیری پەروەردەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەر مامۆستایەك زۆرترین كتێب لە ساڵێكدا بخوێنێتەوە، پێنج ملیۆن دینار پاداشت دەكرێت، هەر خوێندكارێكیش زۆرترین كتێب بخوێنێتەوە، لەسەر ئاستی خوێندنگەكەی پاداشت دەكرێت.

وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان پلاتفۆرمى کتێبخانەى ئەلیکترۆنى راگەیاند و ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانییدا گوتى، بە ئەلیکترۆنیکردنى سیستمى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان خزمەتێکى زۆرى بەبوارەکە کردووە، پرۆسەکە لە گەشەسەندنى بەردەوامدایە.

گوتیشى، پلاتفۆرمێکییان بەناوى (ئى کتێبخانە) دروستکردووە، مامۆستایان و خوێندکاران لە رێگاى کۆدى خۆیانەوە دەتوانن سوود لە خوێندنەوەى کتێبب وەربگرن، کە کتێبە جۆراوجۆرەکان بەزمانە جیاوازەکان لە خۆدەگرێت.

وەزیرى پەروەردە ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 25ـی شوباتى ساڵى 2025، هەر مامۆستایەک زۆرترین کتێب لە رێگاى ئەو پلاتفۆرمەوە بخوێنێتەوە، بەبڕى پێنج ملیۆن دینار پاداشت دەکرێت.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، هەروەها هەر خوێندکارێکیش زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە، لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی خەڵات دەکرێت.