
هەواڵگریی هۆڵەندا مۆبایلەکەی جارید کوشنەر، زاوای ترەمپى هاک کردووە.
بۆیان دەرکەوتووە مامەڵە لەگەڵ هەژمارێکى بانکیی نهێنی دەکات لە دوبەی.
سەدان ملیۆن دۆلاری لە ئازەربایجانەوە تێکراوە بۆ ونکردنی سەرچاوەکەی.
لە کتێبی نوێی "شازادە و دزەکان" کە لەلایەن ماثیو کۆڵەوە نووسراوە، زانیارییەکی هەواڵگریی هەژێنەر ئاشکرا بووە سەبارەت بە پەیوەندییە داراییە نهێنییەکانی نێوان جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و ڕاوێژکاری پێشووی، لەگەڵ هەریەک لە محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان.
سەرەتای ئاشکرابوونی ئەم دۆسییەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017، کاتێک دەزگای هەواڵگریی سەربازیی هۆڵەندا توانی مۆبایلەکەی کوشنەر (جۆری ئایفۆن ئێکس) هاک بکات و وێنەی شاشەکەی بگرێت.
لەم ڕێگەیەوە بۆیان دەرکەوت کە کوشنەر هەژمارێکى بانکی لە دوبەی کردووەتەوە کە سەدان ملیۆن دۆلاری تێدایە.
پارەکە لە ڕێگەی بانکێکەوە لە ئازەربایجانەوە نێردراوە بۆ ئەوەی سەرچاوەکەی ون بکرێت.
محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان لە سەرەتای دەسەڵاتی ترەمپدا پێشنیازی دروستکردنی سندوقێکی نهێنییان بە بڕی 10 ملیار دۆلار کردووە.
بۆ یارمەتیدانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دەرەوە، لەوانە دروستکردنی دیوارەکەی مەکسیک.
دواتر زیاتر لە 2 ملیار دۆلار خراوەتە دوو هەژمارى بانکییەوە کە کوشنەر سوودمەند یان سەرپەرشتیاریان بووە.
یەکێک لە هەژمارەکان ناوی "ئەلفا" بووە لە بانکی ئەبوزەبیی یەکەم (FAB)، کە بەناوی دەزگایەکی خێرخوازیی ئیماراتییەوە کراوەتەوە بۆ داپۆشینی ئامانجە ڕاستەقینەکەی.
لەم هەژمارەدا، سعودیە و ئیمارات نزیکەی 750 ملیۆن دۆلاریان داناوە.
هەرچەندە هەژمارە بانکییەکە بەناوی کوشنەرەوە نەبووە، بەڵام مافی واژۆکردن و بەکارهێنانی پێدراوە.
ئامانج لەم پارەیەش، کاریگەریدانان بووە لەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی بەتایبەت بۆ ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران.
هەروەها نزیکەی یەک ملیار دۆلاری دیکە لەلایەن ئیماراتەوە و لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە براوەتە ئیسرائیل بۆ هەژمارێک بەناوى "بێتا".
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئامۆژگاریی کوشنەری کردووە پارەکە بخاتە بانکی ناوەندیی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی وەک پارەیەکی حکومی دەربکەوێت و جێدەستی ون ببێت،
بۆ بەکارهێنانی پارەکەش پێویست بووە ڕەزامەندیی دوو لایەنە هەبێت.
بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، هەر بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە دەستی بگات بە زانیارییە نهێنییەکان، دەبێت هەموو هەژمارە بانکی و سەرچاوە داراییەکانی ئاشکرا بکات.
شاردنەوەی هەژمارەکانی "ئەلفا" و "بێتا" و بەکارهێنانی ئەو بڕە پارە زەبەلاحە لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە بۆ کڕینی هەژموون، دەکرێت جارید کوشنەر ڕووبەڕووی تۆمەتی "بەرتیل وەرگرتن" و "کارکردن وەک بریکاری بیانی بێ مۆڵەت" بکاتەوە.
پارێزەرەکەی کوشنەریش تەواوی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بریکارەکەی هیچ یاسایەکی پێشێل نەکردووە.




