
کۆبوونەوەکە لە کۆشکى ئیتیحادییە لە قاهیرەى پایتەختى میسر بەڕێوەچوە.
ڕاگەیێنراوى کۆبوونەوەکە: جەخت لە پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرایەوە.
نووسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمەکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم کەرتەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان تاوتوێ کرا، بە شێوەیەک کە لە ئاست خواست و هیوای هەردوو وڵاتدا بێت، جگە لە هەماهەنگیی هاوبەش لە دۆسییە و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە جێی بایەخە هاوبەشەکان.
دواى کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆککۆمارى میسر کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
تیایدا ئاماژەی بە پەیوەندییە ئابوورییە دیارەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشیی هەردوولا کرد بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی لە بوارە جیاجیاکاندا.
جەخت لە گرتنەبەری زنجیرەیەک ڕێکار و ئاسانکاری بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی کرایەوە.
عەلى زەیدى: عێراق کراوەیە بەڕووی جیهانی عەرەبیدا.
کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای هاوکاری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
هەڵوێستە سیاسییەکانی نێوان عێراق و میسر یەکگرتوون.
ئاڕاستەیەکی هاوبەش هەیە بۆ کارکردن لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە.
هەروەها کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە.
بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆمارى میسر پێشوازیی لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانى عێراق کرد.
کە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی چوارەمین خولی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
ئیرادەیەکی هاوبەش بوونى هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنیان.
بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی و خواستەکانی هەردوو لا بەدیبهێنێت.
هەروەها ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد لە پشتگیریکردنی ئاشتی و هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە گرژی.
لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ڕۆژى دووشەممە عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵا بە سەردانێک گەیشتە میسر و چاوەڕواندەکرێت لە میانەى سەردانەکەدا لەگەڵ سەرۆککۆمارى میسر یاداشتی لێکگەیشتن لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و میسڕ واژۆ بکەن.