وەزیرى پەروەردە: بەدەستی خۆم ناوی وانەبێژانم رادەستی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق کردووە
وەزیرى پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ناوی مامۆستایانی وانەبێژی رادەستی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەمەبەستی دامەزراندنیان، گوتیشی ، "داوای هاوتاکردنی شایستە داراییەکانیانمان لەگەڵ وانەبێژانی عێراق کردووە".
ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا گوتی، "لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوومەوە و كۆبوونەوەكە نزیكەی 45 خولەكی خایاند، 15 خولەکی کاتی کۆبوونەوەکەم بۆ باسکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان تەرخانکرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لەو شایستە داراییانە کردووە کە پێویستە وانەبێژانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی عێراق پێیان بدرێت.
وەزیرى پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکراکرد، "بەشێوەیەکی دەستی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەى دامەزراندنی وانەبێژانەوە رادەستی نووسینگەی وەزیرى دارایی و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە".
ئەم گوتانەی وەزیرى پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا نوێنەرى مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، "لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق، داوایان لێکراوە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى لیستى ناوەکانیان بۆ بەغداد رەوانە بکات، تاوەکو لە خشتەى هەموارى بودجەى 2024 جێگەى بکرێتەوە".
05/05/2024