
چاوەڕواندەکرێت ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنى وەزیران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى بودجە بدات.
عەلى زەیدى دەڵێت، بەمنزیکانە پڕۆژەیاساى بودجە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەین.
حەیدەر عەبوودىش ڕایگەیاند، ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەردەوامن.
حەیدەر عەبوودى گوتیشی، داهاتى نەوت گرێکوێرەى ناکۆکییەکانە لەگەڵ هەرێمى کوردستان
بە ئەگەرێکى زۆرەوە ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى 2027 دەدات و ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکرێت، تاوەکو ئێستاش ناکۆکییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق بەردەوامن و پێدەچێت بودجە بەبێ ڕەزامەندیى کورد تێپەڕێنرێت.
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، وەرزى یاسادانانى لە یەکى ئەم مانگەوە بۆ ماوەى 30 ڕۆژ درێژکردەوە لەپێناو گەیشتنی پڕۆژەیاساى بودجە و دەستپێکردنى ڕێکارەکانى پەسەندکردنى،.
بەڵام کاتەکە تەنیا هەفتەیەکى ماوە و لە سەرەتای مانگى داهاتوو پشووى وەرزى یاسادانان دەستپێدەکات.
پەرلەمانتاران فشار دەکەن و حکومەتیش، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى پێش دەستپێکردنى پشووى وەرزى یاسادانانى ئەنجوومەنى نوێنەران، پڕۆژەیاساى بودجە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران بکات.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەى لەگەڵ فراکسیۆنى هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەى بەوەکرد، حکومەت کار لەسەر تەواوکردنى پڕۆژەیاساى بودجە دەکات، بەمنزیکانەش ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى دەکات بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنى.
حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆ سیاسییەکان پەیوەست بە پشکى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە هۆکارەکانى دواکەوتنى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساى بودجە.
دووپاتیشیکردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەردەوامییان هەیە لەبارەى ڕادەستکردنى داهاتى نەوت.
لە پڕۆژەیاساکەدا بڕى نەوتى ڕادەستکراو بە 445 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، بەڵام هەرێمى کوردستان دەڵێت، بەرهەمیان لەو بڕەى دیاریکراوە، کەمترە.
عەبوودى گوتیشى، حکومەتى عێراق، ڕاپۆرت و ئاماژەى هەیە دەیسەلمێنن، هەرێمى کوردستان بەرهەمى نەوتى لەوە زیاترە کە ڕایگەیاندووە.
دووپاتیشیکردەوە، حکومەتى فیدراڵى بەرپرسیارە لەبەرامبەر داهاتەکانى گەلى عێراق، نەوت و غاز موڵکى هەموو عێراقییەکانن بەگوێرەى دەستوور، ئەوەش پێویست دەکات داهاتەکانیان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت.
هەروەها ناکۆکییەکانیش لەبارەى داهاتى نەوت بە گرێى سەرەکى لە گفتوگۆکانى نێوان هەردوولا ناوبرد.
پێشتریش هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە کەناڵى8ـى ڕاگەیاند، ئەگەری زۆرە ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی وەزیران بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕەشنووسەکە پەسەند بکات و بینێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.
گوتیشى، لە حاڵەتی ناردنی ڕەشنووسەکە بەمشێوەیەی ئێستا، هەرێمى کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە.
بەگوتەى هەرێم کەمال ئاغا، ناکۆکییەکانی دیکەش وەک خۆیان ماونەتەوە و ئەگەر پێشوەختە ڕێککەوتن نەکرێت، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە دەنگی زۆرینە تێدەپەڕێنرێت.
پارێزگاکانی دیکەش کێشەیان هەیە
هەروەها شیروان دووبەردانى ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران دووپاتیکردەوە، ناکۆکییەکان تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لەسەر پرسی بودجەی پەرەپێدان، داهاتەکان و پترۆدۆلار ناڕازین و ئامادەنین سازشى لێبکەن، ئەمەش وا دەکات تێپەڕاندنی بودجەکە زۆر قورس بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنى نوێنەران، لەپێناو گەیشتنى پڕۆژەیاساى بودجە و دەستپێکردنى ڕێکارە پەرلەمانییەکان بۆ تێپەڕاندنى، لە یەکى ئەم مانگەوە وەرزى یاسادانانى خۆى بۆ ماوەى 30 ڕۆژ درێژکردەوە، ئەو ماوەیەش تەنیا هەفتەیەکى ماوە، ئەنجوومەنى وەزیران بەنیازە لەو ماوەیەدا دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدات و ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى بکات.
لەبارەى ڕێکارە دەستوورییەکانى پەسەندکردنى بودجە، محەممەد جاسم خەفاجى، ئەندامى لیژنەى یاسایی ڕایگەیاندووە:
ماددەى 58 لە دەستوور ڕێگە نادات وەرزى یاسادانان لە زیاتر لە مانگێک درێژ بکرێتەوە، ئەو ماوەیەش پێشتر ئەنجوومەنى نوێنەران بڕیارى لەسەر داوە.
ئەنجوومەنى نوێنەران پابەندە بە تەواوکردنى ڕێکارەکانى پەیوەست بە بودجە لە حاڵەتى گەیشتنى لەو ماوەیەى لە وەرزى یاسادانان ماوە و لە 29ـى تشرینى دووەم کۆتایی دێت، تەنانەت ئەگەر ڕێکارەکانی یاسادانان هاوکات بن لەگەڵ پشووی یاسادانان.
لە ئەگەرى گەیشتنى پڕۆژەیاساکە دواى کۆتاییهاتنى ماوەکە، ئەنجامدانى دانیشتنى نائاسایی ڕێڕەوێکى گونجاوە بۆ تەواوکردنى ڕێکارەکانى پەسەندکردن.
هەروەها ڕایەکى دیکەى یاسایی هەیە و دەڵێت، ماددەى 57 لە دەستوور ڕێگەى داوە بە بەردەوامى وەرزى یاسادانان تاوەکو ئەو کاتەى پڕۆژەیاساى بودجە پەسەنددەکرێت