گەڕەکى هەشتى حەسارۆک وەک یەکێک لە گەورەترین کەرتەکانی زەوی و نیشتەجێبوون.
بە بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ئاوەدان کرایەوە.
ئێستا بووەتە شوێنی نائومێدیی دانیشتووانەکەی.
کۆچەر بۆ ڕزگاربوون لە بارگرانیی کرێچێتی و بە ئومێدی خاوەندارێتیی خانووی خۆی، پەنای بۆ گەڕەکى هەشتى حەسارۆک هێناوە؛ بەڵام لەبری حەوانەوە، نەبوونی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، شەقام و قوتابخانە، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک قەیران و گرفتی نوێی کردووەتەوە.
نەبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەنیا ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکانی پەک نەخستووە.
بەڵکو داهاتوو و سەلامەتیی منداڵەکانیشی خستووەتە مەترسییەوە.
قوتابخانە و شەقامی قیرتاوکراو لە ناو گەڕەکەکەدا بوونى نییە.
قوتابیانی هەشتی حەسارۆک ناچارن ڕۆژانە بۆ گەیشتن بە خوێندنگەکانیان لە گەڕەکەکانی دیکە، ڕێگایەکی سەخت و دوور ببڕن.
ڕێگایەک کە تێیدا ڕووبەڕووی مەترسیی سەگی بێلانە.
لافاو و چەندین مەترسیی دیکە دەبنەوە.
پێشتر لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەڵێنی دروستکردنی تۆڕی ئاو و گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک دراوە.
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بەڵێنانە لەسەر کاغەز ماونەتەوە.
ئەمەش وایکردووە دانیشتووانی گەڕەکەکە ناچار بن لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان، ئاو و کارەبا لە گەڕەکەکانی دیکەوە ڕابکێشن.
لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، سەدان خانوو بۆ نیشتەجێبوون دروستکراون و ژیان تێیاندا دەستی پێکردووە، بەڵام خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک بەڵێنێکی جێبەجێنەکراو ماونەتەوە؛ بەڵێنێک کە دانیشتووانی ئەم گەڕەکە هێشتا بە هیواوە چاوەڕێی هاتنەدی دەکەن.
