
دواى سێ ساڵ لە بڕیارى بە قەزاکردن، قایمقام بۆ خورماڵ دادەنرێت.
لە سەردەمی عوسمانییەکاندا خورماڵ ناوەندى قەزای گوڵعەنبەر بووە.
لەسەردەمى هاتنى ئینگلیزەکان بۆ کوردستان کراوەتە ناحیە.
لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەڵەبجەوە زانیاری بە کەناڵ8 درا، کە سبەی دووشەممە 23ـی تشرینی دووەم، لە ڕێوڕەسمێکدا ئەرکان حەسەن، قایمقامی پێشووتری هەڵەبجە، وەک قایمقامی خورماڵ دەستبەکار دەبێت و فەرەیدون مەحمود ماڵئاوایی لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە دەکات.
زانیارییەکان لەبارەی بڕیاری بەقەزاکردنی خورماڵەوە:
بڕیاری بەقەزاکردنی خورماڵ لە ڕۆژی 30ـی تەممووزی 2023 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە.
لە 31ـی تەممووزی 2023 ڕێکارە کارگێڕییەکانی دەستیان پێ کردووە.
مانگی حوزەیرانی 2024 بڕیاری هێنانەکایەی قەزاکە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
خورماڵ، کۆنترین و گەورەترین شارۆچکەی پارێزگای هەڵەبجەیە، ناوچەیەکى کشتوکاڵى و گەشتیارییە 70 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، 47 گوندى هەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 25 هەزار کەس دەبن.
لە سەردەمی عوسمانییەکاندا پێگەیەکی گەورەی کارگێڕی بووە و تاوەکو ساڵی 1869 ناوەندی قەزای گوڵعەنبەر بووە، دواى هاتنی ئینگلیزەکان ساڵی 1919 دووبارە بووتەوە بە ناحیە و لە ساڵی 1926 یەکەم بەڕێوبەری ناحیەى بۆ دانراوە.
