
لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا، عومەر چەلیک لە بارەی ژمارەیەک بابەتەوە دوا و جێهێشتنی عێراق و سووریای لە لایەن ئەمریکاوە دوای ئەو هەموو ساڵە بە پێشهاتێکی زۆر گرنگ ناوبرد.
سەبارەت بە دۆسییەی لێکۆڵینەوە لە بۆرسە و سندوقی وەبەرهێنان، کە بەهۆیەوە نزیکەی 500 هەزار کەس زەرەمەند بوون، چەلیک ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە و بەرپرسیاران بەرەوڕووی یاسا بکرێنەوە.
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆککۆماری تورکیا خواستی هەیە سەردانی سووریا بکات و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرسە دەبێت لەگەڵ دیمەشق هەماهەنگی بۆ بكرێت، بەڵام هێشتا بەروارەکەی دیاری نەکراوە.
عومەر چەلیک لە بارەی پرۆسەی چارەسەرییشەوە، جەختی لە کارکردنی بەردەوامی لیژنەکان کردەوە و گوتی: "ئەو میکانیزمەی لەنێو پارتەکەماندا دامانمەزراندووە بە بەشێوەیەکی زۆر بەهێز لە کارکردن بەردەوامە. ئەو ئەنجوومەن و لیژنانەی پەیوەست بە پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر دامەزراون بەردەوامن لە کارکردن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا پەیوەست بە سووریا و عێراق پێشهاتی گرنگ ڕوویانداوە و گوتی: "لێرە و لەوێ ئەندامانی پەکەکە باس لەوە دەکەن یاسای چوارچێوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە".
چەلیک، جەختی لەوە کردەوە چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی هەموو پێکهاتەکانی و کۆبوونەوەی ئەندامەکانی لەو شوێنانەی دیاری کراون، مەرجی پێویستی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەن.
گوتەبێژی ئاکپارتی: نەخشەڕێی پڕۆسەى ئاشتى نوێدەکەینەوە؛ ئامانجی سەرەکیی چەکدانانی پەکەکەیە
گوتەبێژی ئاکپارتی بە توندی وەڵامی هاوسەرۆکی پارتی دەم دەداتەوە




