گوتەبێژی ئاکپارتی بە توندی وەڵامی هاوسەرۆکی پارتی دەم دەداتەوە
پووختەی هەواڵ
- هاتیمئۆغوڵڵاری: کێشەی کورد وایکردووە تورکیا بە باشی وەڵامی ئیسرائیل نەداتەوە
- گوتەبێژی ئاکپارتی: قسەکانی هاتیمئۆغوڵڵاری شەرمهێنەرە و سەرکۆنەی دەکەین
پاش ئەوەی هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتی، تورکیا بەهۆی کێشەی کوردەوە، نەیتوانیوە بە باشی وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، گوتەبێژی ئاکپارتی بە توندی وەڵامی دایەوە و قسەکانی بە "شەرمهێنەر" ناوبرد.
گوتەکانی هاتیمئۆغوڵڵاری
- کێشەی کورد هەمیشە وەک تەوقێک دست و پێی تورکیای گرتووە
- لە پرۆسەی ئاشتی و دەرەوەش ئەم پرسە بووە بە کێشە بۆی
- تورکیا بەهۆی کێشەی کوردەوە، توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی نییە
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە دیمانەیەکیدا گوتی، کێشەی کورد هەمیشە وەک تەوقێک دەست و پێی تورکیای گرتووە و لە هەموو پڕۆسەکانی ئاشتیدا و لە ئاستی دەرەوە، ئەو پرسە بووەتە کێشە بۆی.
هاوسەرۆکی پارتی دەم لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، کاتێک تورکیا بە ئیسرائیل دەڵێت؛ واز لە داگیرکردنی فەڵەستین بهێنە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامدا بە تورکیا دەڵێت، تۆش واز لە پەلاماردانی کورد بهێنە. لەو کاتەدا تورکیا بەهۆی کێشەی کوردەوە، توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی نییە.
گوتەکانی عومەر چەلیک
- ڕەتکردنەوەی قسەکانی هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا
- پێویستە هاوسەرۆکی پارتی دەم قسەکانی ڕێکبکاتەوە
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، قسەکانی هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا ڕەتدەکەنەوە و بە ناڕەوای دەزانن.
چەلیک، قسەکانی هاتیمئۆغوڵڵاری سەرکۆنەکرد و بە "خاوەندارێتیکردن لە قسەکانی نەتانیاهوو" ناویبرد.
گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، پێویستە هاوسەرۆکی پارتی دەم قسەکانی ڕێکبکاتەوە، چونکە خاوەندارێتیکردن لە قسەکانی نەتانیاهوو، شەرمهێنەرترین کارە بچێتە تۆماری هەر سیاسییەکەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هاتیمئۆغوڵڵاری: پڕۆسەکە خاوبووەتەوە و هەوڵی چارەسەر دەدەین
نەتانیاهوو بۆ ئەردۆغان: تۆ دژەجوویت و کورد کۆمەڵکوژ دەکەیت
چەلیک: هانی هیچ کردەوەیەک نادەین کە شەرعییەتی سیاسیی بە ئامانج دەگرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا