چەلیک: هانی هیچ کردەوەیەک نادەین کە شەرعییەتی سیاسیی بە ئامانج دەگرێت

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا

گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی ڕووداوەکانی دوێنێی ڤەنزوێلا و هێرشی ئەمریکا بۆسەر سەرۆکى وڵاتەکە ڕایگەیاند: "هیچ کردەوەیەک پەسەند ناکەین کە بنەماکانی شەرعییەتی سیاسی بکاتە ئامانج و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بکات".

پەیامێک لە بارەی دەستگیرکردنی مادورۆ

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، لەبارەی ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی وڵاتەکە لەلایەن ئەمریکاوە، بێ ناوهێنانی مادورۆ پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.

"کردنە ئامانجی شەرعییەتی سیاسی پەسەند ناکەین"

چەلیک نووسیویەتی: "هیچ کردەوەیەک پەسەند ناکەین کە بنەماکانی شەرعییەتی سیاسی بکاتە ئامانج و یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بکات و تێڕوانینمان بۆ ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا لەسەر ئەم بنەمایەیە".

گوتەبێژەکەی ئاکپارتی باسی لەوەشکردووە، "گەلی ڤەنزوێلا تاکە خاوەنی سەروەری سیاسین لە وڵاتەکەیاندا."

نیگەرانی لە گوتەکانی ئۆزگور ئۆزەل

عومەر چەلیک ڕەخنەی توند لە گوتەکانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەگرێت کە دوێنێ لەبارەی ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا هێرشی کردبووە سەر ئەردۆغان و دەڵێت: "گوتەکانی ئۆزەل زۆر ترسناک و ناتەندروستە، کاتێک لەبارەی ڕووداوێک کە جیهانی هەژاندووە، قسەی بێناوەڕۆک لە دژی سەرۆککۆمارمان دەکات".

وتەکانی ئۆزەل دەربارەی ئەردۆغان

دوێنێ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە ڕەخنەی لە پەیوەندیی نێوان نیکۆلاس مادورۆ و ئەردۆغان و بێدەنگیی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ڕووداوەکان گرت و گوتی: "ئەردۆغان لە بەرامبەر هەموو کارێکی ترەمپدا بێدەنگە، لەبارەی کودەتاکە و ڕفاندنی مادورۆ یەک وشەی نەگوتووە. لە ترسی ترەمپ نەیتوانیوە یەک پیت بڵێت".