هاتیمئۆغوڵڵاری: پڕۆسەکە خاوبووەتەوە و هەوڵی چارەسەر دەدەین
هاوسەرۆکی پارتی دەم دەڵێت، پڕۆسەی ئاشتی خاوبووەتەوە و هەوڵ دەدەن تێیبپەڕێنن، ئاماژە بەوەش دەکات، پەکەکە هەنگاوی ناوە و کاتی ئەوەیە دەسەڵات هەنگاوی یاسایی بنێت.
پڕۆسەی ئاشتی خاوبووەتەوە
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ موختارەکانی سنووری سەمسوری باکووری کوردستان گوتی، پڕۆسەی ئاشتی خاوبووەتەوە و هەندێک جاریش وەستاوە، بەڵام هەوڵ دەدەن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن و کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی مێژووییە و پێویستە لەدەستنەدەرێت.
ڕەخنە لە دەسەڵات
هاوسەرۆکی پارتی دەم جارێکی دیکە ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت و گوتی، لەگەڵ ئەوەی لایەنی پەکەکە هەنگاوی ناوە، بەڵام دەسەڵات لە پرسی هەنگاوی یاساییدا خاوە.
"ئۆجەلان پێگەو ناوێکى یاسایی نییە"
هاتیمئۆغوڵڵاری، لەبارەی پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلانیش باسی لەوە کرد، لەگەڵ ئەوەی ئۆجەلان بە کردەیی پڕۆسەکە لەگەڵ دەوڵەت و پەکەکەدا بەڕێوەدەبات، بەڵام تاوەکو ئێستا پێگە و ناوێکی یاسایی نییە، ئەوەش وای کردووە، متمانەیەکی کەمتر بە پڕۆسەکە بکرێت.
ئازادکردنى زیندانییە سیاسییەکان
هاوسەرۆکی پارتی دەم داوای کرد سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و زیندانیکراوە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، کە بە گوتەی ئەو، نزیکەی پێنج هەزار کەسن.
شاندى ئیمراڵى
نزیکەی مانگ و نیوێکە شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانیان نەکردووە و هاتیمئۆغوڵڵاری هیوای خواست، ڕۆژانی داهاتوو شاندەکە سەردانی ئیمراڵی بکەن و دواتریش دەست بە هەنگاوە یاساییەکان بکرێت.
19/05/2026