گوتەبێژی ئاکپارتی: نەخشەڕێی پڕۆسەى ئاشتى نوێدەکەینەوە؛ ئامانجی سەرەکیی چەکدانانی پەکەکەیە

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی پاش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی کرد و گوتی، ڕێگە بە تێکدانی پرۆسەکە نادەن.

پێشوازى لە پێشنیازەکەى باخچەلى

چەلیک، پێشوازی لەپێشنیاز و داواکارییەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد، کە جارێکی دیکە داوای کردووە، پێگە بە ئۆجەلان بدرێت.

هەڵسەنگاندنى نەخشەڕێگەى پڕۆسەکە

لەو بارەیەوە چەلیک گوتی، لەسەر بنەمای داواکاری و پێشهاتە نوێیەکان، هەڵسەنگاندنەوە بە نەخشەڕێگەی پڕۆسەکەدا دەکەن و نوێی دەکەنەوە.

سیاسەتى ئاکپارتى و مەهەپە

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە درێژەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لە سیاسەتی ئاکپارتی و مەهەپە لە پڕۆسەکەدا کردەوە و جەختى لە چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی کردەوە.

چەلیک، هاوشێوەی ساڵ و نیوی ڕابردوو ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی هەنگاوی یاسایی دەستپێبکات و پەرلەمان دەستبەکار بێت، پێویستە دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا لە پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دڵنیا ببنەوە.