
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، خواستی هاونیشتمانیان بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان لەچوارچێوەی بەرنامەی نیشتمانی بۆ رێکخستنەوەی چەک لە زیادبووندایە و دەشڵێت، لەکاردانەوەی زیادبوونی متمانەدایە بە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی ئاسایش.
ئەوە لەکاتێکدایە، تۆمارکردنی چەک بەرنامەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و دەشڵێن چەکی تۆمارنەکراو ڕێگە پێدراو نییە و داواکاری پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی خۆڕایی بۆ تۆمارکردنی چەک تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 کراوە دەبێت و دواتر داواکارییەکە دەبێتە پارە، جیالەوەش ئەگەر چەک تۆمارنەکرا ئەوا لە قۆناغی دواتردا خۆیان دەگەڕێن بەدوای چەکە تۆمارنەکراوەکاندا و دەستیبەسەردا دەگرن.
چەند ڕێکارێکی یاسایی هەن بۆ ئەوانەی دەیانەوێت چەک تۆماربکەن، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای ژمارە 51ـی ساڵی 2017، پێویستە کەسەکە عێراقی بێت، تەمەنی سەروو 25 ساڵ بێت، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە گرفتی نەبێت، هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابێت، لەلایەن یاساوە داواکراو نەبێت وهۆکارێکی دیاریکراوی هەبێت بۆ خاوەندارێتیکردنی چەک.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنیش کراوەتەوە بەناوی "پلاتفۆڕمی ئوور"، لەم ڕێگەیەوە ئەوانەی خواستی تۆمارکردنى چەکیان هەیە، دەتوانن داواکاری پڕبکەنەوە.