پێستم لەبەر هەتاو سووتاوە، چی بکەم؟
زانكۆ محەمەد 12/09/2023
سووتانی پێست بەهۆی هەتاوەوە وەک سووتانی پلە یەک هەژماردەکرێت، چونکە تەنها چینی هەرە دەرەوەی پێست دەسووتێت. سەرەڕای ئەوەی کە سووتان بە تیشکی خۆر کێشەیەکی گەورە نییە و خۆی چارەسەردەبێت، بەڵام دەتوانرێت هەندێک ڕێگە بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاکبوونەوە خێراتر و باشتر بێت.
- سووتان، بەهەر هۆکارێک بێت، بڕێکی زۆری ئاوی جەستە لەگەڵ خۆیدا دەبات. بۆیە پێویستە گرنگی بە خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی بدرێت.!
- بەکارهێنانی ئەڵۆڤێرا یان کرێمێکی شێدارکەرەوە بۆ شێدارکردنەوەی شوێنی سووتانەکە
- بەکارهێنانی ئاوی سارد بۆ خۆشتن.
- پێویستە پەڕۆیەکی خاوێن بە ئاوی سارد تەڕبکرێت و بخرێتە سەر شوێنی سووتانەکە
- هەرچەندە ئەم جۆرە سووتانە قوڵ نییە، بەڵام دەکرێت زۆر بەئازاربێت. ئەگەر ئازاری زۆر بوو، ئاساییە پاراستۆڵ یان ئیبۆپرۆفین بەکاربهێنرێت.
- ئەگەر جێ سووتانەکە بڵقی کرد، نابێت بتەقێنرێت.
- خۆبەدوورگرتن لە تیشکی خۆر.
- لە کاتی بەکارهێنانی سەهۆڵدا، باشترە راستەوخۆ نەخرێتە سەر شوێنی سووتانەکە، بەڵکوو پارچە قوماشێک بخرێتە نێوان سەهۆڵ و شوێن برینەکە.
چ ماددەیەکی سروشتی بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری سووتانەکە؟
- شۆفان: کەمێک شۆفان بخرێتە ناو کیسە یان گۆرەوییەکی پاک، دواتر بخرێتە ناو ئاو و کەسەکە خۆی پێبشوات
- سۆدە یان نیشاستە: دەکرێت یەکێک لەم دوو ماددەیە تێکەڵ بکرێت لەگەڵ ئەو ئاوەی کەسەکە خۆی پێدەشوات بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و خوران.
ئەگەر شوێنی سووتانەکە بڵقی کرد یان پێستی هەڵدا، چی بکرێت؟
نابێت بڵقەکان بتەقێندرێت! ئەگەر خۆیان تەقین، باشترە شوێنی بڵقەکە بە ئاو و سابوون بشۆرێت و بە باندجێک دابپۆشرێت. پێستهەڵدان هەوڵی جەستەمانە بۆئەوەی خۆی ڕزگار بکات لە خانە زیانپێگەیشتووەکانی پێستمان و کاردانەوەیەکی ئاساییە.
زانكۆ محەمەد
12/09/2023