
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە شیرپێدانی سروشتی لە یەکەم ساڵی تەمەنی منداڵاندا مەترسیی تووشبوونی منداڵان بە رەبۆ کەمدەکاتەوە ئەمەش بەهۆی زیادبوونی تێکەڵەیەکی میکرۆبی سوودبەخش لە جەستەیاندا.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری خانەـدا بڵاوکراوەتەوە و تێدا دەرکەوتووە شیرپێدانی سروشتی بۆماوەی زیاتر لە سێ مانگی یەکەمی تەمەنی منداڵان، هۆکارە بۆ یارمەتیدانی گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو سکی منداڵان.
هاوکات وەستان لە شیرپێدانی سروشتی لە پێش تەمەنی سێ مانگیدا، هۆکارە بۆ تێکدانی پەرەسەندنی ئەم بەکتریا و میکرۆبە سوودبەخشانە، ئەمەش وادەکات مەترسیی تووشبوون بە رەبۆ لە پێش تەمەنی چوونە قوتابخانە زیادبکات.
شیری سروشتی پێکدێک لە چەندین شەکری ئاڵۆز و بەهاخۆراکییە گرنگەکانی دیکە کە وادەکان میکرۆبە سوودبەخشەکانی سک گەشەبکەن. لەگەڵ ئەوەشدا شیری قوتوو گەشەی جۆرێکی دیکە لە میکرۆب زیاددەکات کە سوودبەخشنین، راستە ئەو میکرۆبانەی بەهۆی شیری قوتووەوە دەچنە ناو جەستەی منداڵانەوە تەنانەت بەبێ شیری قوتووش هەر تووشی دەبن لە ژیانیاندا، بەڵام شیری قوتوو وادەکات لە کاتێکی زۆر زووتردا منداڵان تووشی ئەم میکرۆبانە ببن، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە رەبۆ لە منداڵاندا زیاتردەکات. لەگەڵ ئەوەی شیرپێدانی سروشتی یارمەتیی گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکان دەدات، لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی زنجیرەی بەکتریاسوودبەخشەکانیش دەکەن، چونکە تاکە شت کە گرنگبێت میکرۆبە سوودبەخشەکان خۆیان نین بەڵکو خێرایی گەشەکردنیان و کۆنترۆڵکردنی کاتی هاتنیان بە شێوازێکی زنجیرەیی زۆر گرنگە. هەموو ئەمانەش شیری سروشتی کۆنترۆڵیان دەکات.
گرنگیی میکرۆبە سوودبەخشەکانی جەستە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم میکرۆبانە رۆڵی گرنیان هەیە لە پەرەسەندنی سیستمی بەرگریی منداڵاندا.
لە توێژینەوەکەدا چاودێریی میکرۆبە سوودبەخشەکانی سک و لووتی 3500 منداڵی کەنەدی کراوە کە لە خوار تەمەنی یەک ساڵەوە بوون، بەشێکیان شیری سروشتییان پێدەدرا و بەشەکەی دیکەشیان شیری قوتوو.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە شیری سروشتی یارمەتیی پەرەسەندنی میکرۆبە سوودبەخشەکانی جەستە دەدات کە رۆڵیان هەیە لە پەرەسەندنی سیستمی بەرگریی منداڵاندا، ئەمەش وادەکات منداڵان مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکان و بەتایبەتیش نەخۆشیی رەبۆ زۆر کەمببێتەوە.
