
ھونەرمەندی دیاری کورد شەماڵ سائیب لە سەدەی ڕابردوودا وەک: موزیکژەن، گۆرانیبێژ، مامۆستا و ئەکادیمی، بێژەر و نووسەر لە ساتەوەختێکی زۆر دژواردا دەرکەوتووە؛ کە ئەوکات کۆمەڵگەی کوردی و ھونەر بە گشتی و موزیکی کوردی بە تایبەتی، بە ھۆکاری باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ژێردەستەیدا لە ئاستێکی نەخوازراودا بووە.
ژیانی تایبەتی
ساڵی 1930 لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی لەدایکبووە
لە تەمەنی 15 ساڵیدا بە بەشداریکردنی لە خولێکی ھاوینە، تێکەڵی دنیای هونەر بووە
لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغداد، تاوەکو قۆناغی چوارەمی خوێندووە؛ دواتر بووە بە خوێندکاری بەشی مێژوو، بەکالۆریوس لە مێژوو لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە
سەرەتای ساڵی 1960 ڕووی کردووەتە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بڕوانامەی ماستەری لە مێژووی موزیک لە زانکۆی ئیندیانا بەدەستدەھێناوە
ساڵی 1968 دەستی داوەتە خوێندنی دکتۆرا، لە ھەمان ساڵدا بە ھۆی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیەوە، داوای گەڕانەوەی لێکراوە و دەستبەرداری خوێندنەکەی بووە، لە زانکۆی سلێمانی بووە بە مامۆستا
وێستگە هونەرییەکانی شەماڵ سائیب
شەماڵ سائیب گەشتە هونەرییەکەی لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە دەستپێکردووە:
قادر دیلان
ڕەفیق چالاک
حەمەساڵح دیلان
بەھجەت سەعاتچی
کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، وەکو یەکێک لە عودژەن و گۆرانیبێژە بە تواناکانی ڕادیۆی کوردیی بەغداد دەرکەوتووە، چەندین ئاواز و گۆرانی بۆ خۆی و کۆمەڵێک لاوی ھاوتەمەنی خۆی داناوە:
وەکو کۆرسی گۆرانی ڕۆڵیگێڕاوە
بە وتەی زۆریک لە ھاوڕێیان و ھاوسەردەمانی، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە تەواوی عیراقدا خاوەنی گوێگرێکی زۆر بووە
کاریگەر بووە بە موزیکی عەرەبی
سەرسام بووە بە (فەرید ئەترەش) کە بە ئاشکرا لاسایی کردووەتەوە
خاوەنی زنجیرەیەک وتاری گرنگە لەبارەی موزیک کە لە ڕۆژنامەی ژین و گەلاوێژ بڵاوکراونەتەوە
وەک بێژەر خاوەنی بەرنامە بووە بەناوی (باخچەی مۆسیقا) لە ڕادیۆی کوردی
وەکو یەکەمین ھونەرمەندی کورد توانیویەتی کلیپ بۆ گۆرانیەکانی بکات
خانمان بەدەنگ و ڕەنگ ڕۆڵیان گێڕاوە لە کارەکانیدا، کە ئەمە بۆ ئەو ڕۆژگاری کۆمەڵگای کوردی و موزیکی کوردی شتێکی نوێ و ھەم نەخوازراو بووە
ناسراوترین گۆرانیەکانی:
ئەرە لەیلێ
ھەی بەردە بەردە
پێم بڵێ پێت دەڵێم
ھاوار سەد ھاوار
وەرە وەرە توخوا وەرە
شەماڵ سائیب وەکو ھونەرمەندانی ھاوسەردەمی خۆی بە کولەمەرگی ژیاوە و دواجار بە بەنەخۆشی، ڕێکەوتی حەوتی تشرینی دووەمی 1986 کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان بەخاک سپێدراوە.
