یەکگرتووى ئیسلامى بەشداریى دانیشتنى پەرلەمانى بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى نەکرد.
دانیشتنەکە بەبێ سازان کرا و یەکگرتوو وەک مەترسییەک بۆ سەر قەوارەى هەرێمى کوردستان دەیبینێت.
یەکگرتوو بەنیازە لەگەڵ لایەنەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى هەنگاوى نوێ بنێت.
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیى یەکگرتووى ئیسلامیی کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، دەستپێشخەریی ئەمجارەیان جیاوازە و هەنگاوی داهاتوویان لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەبێت، هۆشداریش دەدات لەوەی مەترسیی جددی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە.
دەستپێشخەرییەکەمان بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنەکان نییە، چونکە پێشتر کە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لایەنەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانمان کردووە، بەدەنگمانەوە نەهاتن.
دەستپێشخەرییەکەی ئەمجارەمان جیاوازە و بریتییە لە دەربازبوون لەو قەیرانەی کە هەیە.
هەنگاوی داهاتووشمان لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەبێت.
لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ دەستپێکردنی هەنگاوەکانمان، میدیا و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەیزانن.
"دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان مەترسییەکانى زیاتر کرد"
ئەو بەرپرسەى یەکگرتوو ئاماژەی بەوەکرد، دانیشتنەکەیان بە گونجاو نەزانیوە، بۆیە بەشدارییان تێدا نەکردووە، ڕاشیگەیاند: "دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان، مەترسیی جددی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە یەکێتی و پارتی بەجۆرێکی دیکە مامەڵە دەکەن و گفتوگۆکانیان ڕاگیراوە."
"شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکان نەک لەتکردن"
لەبارەی پرسی سیستمی لامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان، مستەفا عەبدوڵا گوتى "شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان جێگەی گفتوگۆکردنە، بەڵام ئێمە لەگەڵ لەتکردنی هەرێمی کوردستاندا نین".
لامەرکەزییەت خاڵی هاوبەشی لایەنەکانی دەرەوەی پارتییە
یەکگرتوو: کۆتایى بە قۆرخکارى بهێنرێت و چاکسازیی ڕاستەقینە لە سیستمی حوکمڕانیدا بکرێت