گەرما لە ئەردەخان بۆ 18 پلەی ژێر سفر دابەزی.
شەپۆلی سەرما بەشێک لە ناوچەکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە.
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، سەرما لە باکووری کوردستان گەیشتە ئاستێکی قورس و لە شارۆچکەی گۆلانی سەربە ئەردەخان، پلەى گەرما بۆ 18 پلەی ژێر سفری سیلیزی دابەزی.
دووەم شوێنی سارد دیسانەوە لە ئەردەخانە.
کە ناوەندی یاریی خلیسکێنەى پارێزگاکەیە.
گەرما لەو شوێنەدا گەیشتووەتە 17.4 پلەی سیلیزی.
گوندی یاوزەکانی سەربە ئەردەخانیش سێیەمین ناوچەی ساردە و پلەی گەرما بۆ 17.1 دابەزیوە.
شارۆچکەکانی خانەک و داماڵی سەربە ئەردەخان و ناوەندی پارێزگاکەش، چوارەم، پێنجەم و شەشەمین ناوچەی ساردی باکووری کوردستان و تورکیان.
شەپۆلی سەرما، تەواوی پارێزگاکەی گرتووەتەوە.
زۆربەی ڕێگەکان بەستوویەتی، ئەوەش کاریکردووەتە سەر ژیانی ئاسایی خەڵک.
ئەردەخان، قەرس، جۆلەمێرگ و ئاگری لە ناوچە هەرە ساردەکانی باکووری کوردستانن و ساڵی ڕابردووش لە کۆتایی مانگی شوبات، لە شارۆچکەی گەڤەری سەربە جۆلەمێرگ، نزمترین پلەی گەرما تۆمارکرا کە 35 پلەی ژێر سفر بوو.