
حکومەت یەک دینارى بۆ پرۆژەکانى سلێمانى و دەوروبەرى خەرج نەکردووە.
سەرجەم ئەو پڕۆژانەى جێبەجێ دەکرێن لەسەر داهاتى نانەوتیی سلێمانى بووە.
لە سلێمانى و هەڵەبجەو ڕاپەڕین و گەرمیان نزیکەى هەزار پڕۆژە ڕاگیراون.
قایمقامى چەمچەماڵ دەڵێت، لەهەولێرەوە هیچ بڕە پارەیەک بۆ شارۆچکەى چەمچەماڵ خەرجنەکراوە.
ئاسۆ بەکر دەشڵێت، چەمچەماڵ کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ هەموو هەرێمى کوردستان دابین دەکات.
لە حەوت ساڵى ڕابردوودا حکومەت غەدرى لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین کردووە و ئەو پرۆژانەى جێبەجێ کراون تەنیا لەسەر داهاتى نانەوتیی سنوورى سلێمانى بووە و لە هەولێرەوە هیچ بودجەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە.
لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین نزیکەى هەزار پڕۆژە ڕاگیراون و لەناو ئەو پرۆژانەدا 70 پڕۆژەیان ستراتیژین، نەبوونى بودجە و تەرخاننەکردنى تەمویل لە هەولێرەوە پڕۆژەکانى ڕاگرتووە.
لە ئیدارەى ڕاپەڕین 120 پڕۆژە ڕاگیراوە کە لەسەر بودجەى پەرەپێدان بووە بۆ ساڵەکانى 2021 و 2022 و 2024 کە گوژمەکەى بە 46 ملیارو 413 ملیۆن دینار دیاریکراوە.
لەسەر بودجەى پەرەپێدان بە گوژمەى 30 ملیار دینار ڕەزامەندى دراوە بۆ جێبەجێکردنى دەیان پڕۆژەى دیکە، بەڵام یەک دینار خەرج نەکراوە.
هیوا قەرەنى، سەرپەرشتیارى ئیدارەى ڕاپەڕین بە کەناڵ8ـى گوت" یەک دینارم لە هەولێرەوە بۆ خەرج نەکراوە، ئەو پڕۆژانەى جێبەجێ کراون هەمووى لە سەرداهاتى نانەوتیی پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارەکانى ڕاپەرین و گەرمیان بووە".
ئەوەندە شانازى بە پردى دەربەندەوە دەکەن هەموو ڕۆژێک ڤیدیۆى بەردى بناغەکەى لێدەدەنەوە و لە هەولێرەوە یەک دینار بۆ پڕۆژەکانیش خەرج ناکرێت.
تەنیا بۆ ساڵى 2025 ڕەزامەندى 30 ملیار دینارمان وەرگرتووە بۆ جێبەجێکردنى دەیان پڕۆژە لە ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین، بەڵام لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە وەڵامى نوسراوەکانمان دەدەنەوە کە هیچ تەرخانێکى داراییان نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 ژمارەی پرۆژە ڕاگیراوەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە نێوان ساڵانی 2007 تاوەکو 2026 بە ژمارە 163 پڕۆژەی جۆراو جۆرە.
هۆکاری ڕاگیرانەکانیان بەمجۆرەیە، 154 پڕۆژە بە هۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە، 5 پڕۆژە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە ، 4 پڕۆژە کارەکانیان لێوەرگیراوەتەوە.
ئاسۆ بەکر، قایمقامى ناوەندى شارۆچکەى چەمچەماڵ بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" شارۆچکەى چەمچەماڵ کە غازى سروشتى بۆ کارەباى 24 کاتژمێرى و غازى ماڵان دابین دەکات بۆ هەموو هەرێمى کوردستان لە هەولێرەوە یەک دینارى بۆ خەرج نەکراوە، ئەوەى کراوە لەسەر داهاتى نانەوتى سلێمانى بووە".
پڕۆژەى ستراتیژى ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بە گوژمەی 139 ملیار دینار لە ساڵى 2024ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر 50%ی کارەکانی تەواو بووە، تەرخانى دارایی لەسەر داهاتى نانەوتیی سلێمانى بووەو حکومەت لە هەولێرەوە هیچ بڕە پارەیەکى بۆ خەرج نەکردووە.
هاوکات، ئازاد محەممەد، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەى جیاوازو تایبەتمەند دروست دەکەن بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پڕۆژانە دەکەن کە پەیوەندى بە هاونیشتمانیانى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕینەوە هەیە و دەیکەنە ڕاپۆرت بەرزى دەکەنەوە بۆ سەرۆکى یەکێتى.
ئەوەشى دووپاتکردەوە، هەموو ئەو پڕۆژانەى قوباد تاڵەبانى و وەزیرەکان دەیاننارد بۆ ئەنجوومەنى وەزیران تاوەکو جێبەجێ بکرێن، بەڵام لەلایەن سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرەوە ڕادەگیرا، بۆیە بافڵ جەلال تاڵەبانى فراکسیۆنەکەى ڕاسپارد لیژنە دروست بکەین، بۆ هەموو سێکتەرەکان و کەموکوڕییەکان بەرز بکەینەوە بۆ سەرۆکى یەکێتى تاوەکو هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێ بکرێن، ئەوەش بەگوێرەى تواناى دارایی بەردەست.
جا بێجگە لەوەى بەرپرسانى ئەم ناوچەیە ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە لە حکومەتەوە بودجەیان بۆ تەرخان نەکراوە، حکومەتى کاربەڕێکەریش لەسەر بنەماى داتاکانى سەلماندوویەتى کە نادادى بەرامبەر پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕین کردووە، کە پشکی شێری پڕۆژەکان و بودجە بۆ سنووری هەولێر و دهۆک تەرخان کراوە.
کەناڵ8 بەدواداچوونى کردووەو لەگەڵ بانکی ناوەندیی هەرێم/ لقی سلێمانی زانیارى وەرگرتووە، کە لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، یەک دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج نەکردووە، تەواوی ئەو پڕۆژانەی لەم ماوەیەدا ئەنجامدراون، تێچووەکەیان لەسەر داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەناردوون.
بەپێی زانیارییەکان سلێمانی بەردەوام بەشداربووە لە دابینکردنی بودجەی گشتی و مانگانە بڕی 48 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی ڕەوانەی هەولێر کراوە، جگە لەوەش، مانگانە بڕی 10 ملیار و 260 ملیۆن دینار لە پارەی مووچەی مووچەخۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕدراوە وەک "بودجەی سیادی" بۆ خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم، پەرلەمان، حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری لە هەولێر.
سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان مانگانە پێویستیان بە 15 بۆ 16 ملیار دینار هەیە بۆ خەرجییەکانی نەخۆشخانە، خواردنی چاکسازییەکان و پاککردنەوەی شار و شارۆچکەکان. ئەم بڕە پارەیەش تەنیا لە داهاتی نانەوتیی ناوخۆی سلێمانی دابین کراوە و حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ ئەو مەبەستە خەرج نەکردووە.
لەکاتێکدا داهاتى نانەوتیی سلێمانى کە لەڕێگەى شەش گەنجینەوە کۆدەکرێتەوە سنووردارەو ئەو داهاتەى کۆکراوەتەوە بۆ پرۆژەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان تەرخانى دارایی بۆ کراوە.
